رووداو دیجیتاڵ
کەتائیبی سەیدولشوهەدا بە رووداوی راگەیاند، ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل ئەوان ناگرێتەوە و دەڵێت، دەبێت تۆڵەی خوێنی "شەهیدەکانمان" بکەینەوە.
کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتائیبی سەیدولشوهەدا رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023، بە رووداوی راگەیاند، ئەو ئاگربەستەی کە بڕیارە لە رۆژی هەینییەوە لە غەززە دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناگرێتەوە.
فەرتووسی هەروەها دەڵێت، "حەماس هۆکاری خۆی هەیە بۆ ئاگربەست، بەڵام دۆخی عێراق جیایە." گوتیشی، "هیچ ئاگربەستێکمان نابێت تاوەکو لە پێشێڵکردنی سەروەریی عێراق و خوێنی شەهیدەکان" دەپرسینەوە.
بڕیارە ئاگربەستەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کاژێر 8:00ـی بەیانی رۆژی هەینی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و کاژیر 5:00ـی ئێوارەش کۆمەڵەی یەکەمی بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازادبکرێن، کە ئەوە یەکەمین ئاگربەستە دوای 47 رۆژ لە جەنگ جێبەجێدەکرێت، جەنگێک کە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 15 هەزار کەس لە غەززە، کە بەشی هەرە زۆریان منداڵ و ژنن، هەروەها هەزار و 200ـی دیکە لە ئیسرائیل کە کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن، ئەمە بە گوێرەی بەرپرسانی هەردوولا.
کازم فەرتووسی بە رووداوی گوت، لەبارەی ئەو ئاگربەستەوە، هاوئاهەنگییان لەگەڵدا نەکراوە.
لە دوای جەنگەکەوە، گرووپێکی چەکداری شيعی کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە، بەرپرسیارێتیی خۆی لە چەندین هێرشی درۆنی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا راگەیاندووە.
ئاژانسی فرانس پرێس رۆژی پێنجشەممە، لە زاری بەرپرسێکی پێنتاگۆنەوە بڵاویکردەوە کە لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 72 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان.
لە بەرامبەر ئەو هێرشانە، واشنتن تاوەکو ئێستا سێ جار لە سووریا و دوو جار لە عێراق هێرشی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، هەروەها سزای بەسەر ژمارەیەک ئەندامی گرووپە چەکدارەکاندا سەپاندووە و کەتائیبی سەیدولشوهەداشی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ