لە بەغدا دەرۆزەکەرێک گیانی لەدەستدا و 500 ملیۆن دینار لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە

23-12-2023
نەهرۆ محەممەد
بەشێک لەو پارانەی لە ماڵی ژنەکەدا دۆزراوەتەوە
بەشێک لەو پارانەی لە ماڵی ژنەکەدا دۆزراوەتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەرۆزەکەرێک لە بەغدا دوای ئەوەی گیانی لەدەستدا، 500 ملیۆن دینار لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، کوڕێکی دەرۆزەکەرەکە ئەفسەرێکی باڵایە لە دەزگایەکی ئەمنی.

دەرۆزەکەرەکە ژنێکی بەتەمەن بووە، کۆتایی هەفتەی رابردوو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و دوێنی گیانی لەدەستداوە. عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زیاتر لە نیو ملیار دینار لە ماڵی سواڵکەرەکەدا دەستی بەسەرداگیراوە، بۆ چارەنووسی پارەکەش، دوا بڕیار لای دادگەیە.
 
باس لەوە دەکرێت کوڕێکی دەرۆزەکەرەکە لە دەزگایەکی ئەمنی ئەفسەرێکی باڵایە. گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، زانیاری بە ئەوانیش گەیشتووە کە کوڕێکی ئەو ژنە ئەفسەرە، بەڵام هێشتا یەکلانەبووەتەوە و لە بەدواداچوونەکانیان بەردەوامن.
 
رائید عەبدولجەبار ساڵح، ئەفسەر لە پۆلسی فریاکەوتنی حوڕییە دەڵێت، "کۆنترۆڵی ناوەندی ئاگاداری کردینەوە لە رووداوێکی شەڕ لە ناوچەی حوڕییەی دووەم، کاتێک چووینە شوێنەکە، خەڵکانێکمان بینی لە ماڵێکدا بە فەردە پارەیان دەرهێناوە و بردوویانەتە نێو ئۆتۆمبێڵکی جۆری سایبا، دواتر دەستگیرمان کردن."
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا چووەتە ماڵی ئەو ژنە و دەڵێت، ئەو چیرۆکە کاتێک ئاشکرا بوو کە ژنەکە نەخۆش کەوتووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، دوێنی گیانی لەدەستداوە. دواتر کەسوکارەکەی چوونەتە ماڵەکەیان و بینیویان بە فەردە پارە لەنێو ماڵەکەیدا هەبووە.

 

 
 
ئەو چیرۆکە لایەنە ئەمنییەکان و کەسوکار و تەنانەت دانیشتووانی گەڕەکەکەیشی تووشی سەرسووڕمان کردووە. هەڵکەوت عەزیز دەڵێت، کەسوکارەکەی دوای ئەوەی چوونەتە ماڵی ژنەکە، ویستوویانە پارەکە ببەن، بەڵام موختاری گەڕەکی حوڕییە هێزە ئەمنییەکانی ئاگادار کردووەتەوە و دواتر دەستبەسەر پارەکەدا گیراوە.
 
لە عێراق سەرووی 100 هەزار کەس سواڵ دەکەن، کە زۆرترینان لە بەغدان. قەیرانی ئابووری و زیادبوونی رێژەی بێکاری، جەنگ و ئاوارەبوون، هەڵوەشانەوەی خێزان، بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و سوودوەرگرتن لە هەست و سۆزی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی پارە بە ئاسانی، لە دیارترین فاکتەرەکانی سواڵکردنن لە عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە