لیوا یەحیا رەسووڵ: هێرشەکانى ئەمریکا دەبنە هۆى ئاڵۆزبوونێکى نابەرپرسانە

24-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێرشەکەى سوپاى ئەمریکای بۆ سەر دوو  پێگەى گرووپە چەکدارە شیعەکان بە رژدبوون بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیرى عێراق دەزانێت کە زیان بە لێکتێگەیشتنەکان لەبارەى رۆڵى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش و رێککەوتنى هاریکارى ئەمنى نێوانیان دەگەیێنێت.
 
24ى کانوونى دووەمى 2024، لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا، هێرشەکانى ئەمریکا بۆ سەر یەکەى سەربازیى عێراق لە سوپا و حەشدی شەعبی لە جورف سەخر و  قائیم، رژدبوونە لەسەر زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیریى عێراق، "ئەو کردەوانە گرفت بۆ لێتێگەیشتنەکان لەبارەى رۆڵى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و راوێژکارانى لە عێراق دروست دەکەن کە قۆناخێکى باشی بڕیوە و زیان دەگەیێنن بە هەموو رێککەوتن و هاریکارییەکی ئەمنى هاوبەشى نێوان هەردوو وڵات."
 
لیوا یەحیا رەسووڵ داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات بەرپرسیارێتى خۆى جێبەجێ بکات لە پاڵپشتیکردنى ئاسایش و ئارامى و رێگری لە هەموو ئەو دەستدرێژییانە بکرێت کە هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریى عێراق و سەروەرییەکەى وەک کارى "دوژمنکارانە" مامەڵە لەگەڵ ئەو کردەوانە بکەن، ئەوەى لەسەریان بێت وەک ئەرک دەیگرنەبەر بۆ پاراستنى گیانى هاووڵاتییان لەسەر خاکى عێراق.
 
گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، ئەو کارە رەتکراوەیە و هاریکاریى چەند ساڵەى نێوانیان پەکدەخات و "دەستدرێژییە" بۆ سەر سەروەریى عێراق و دەبێتە هۆى ئاڵۆزبوونێکى "نابەرپرسانە"، لە کاتێکدا کە ناوچەکە رووبەڕووى مەترسی فراوانبوونى ململانێکان دەبێتەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپاى ئەمریکا دوو پێگەى کەتائیبی حیزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بابل بۆردوومان کرد، بەگوێرەى زانیارییە بەراییەکان چەکدارێکى ئەو گرووپە کوژراوە و چوارى دیکە بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە