26ی ئادار.. هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان یان چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردەکەوێت؟

24-03-2022
هێمن بابان رەحیم
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جارێکی دیکە هەموو چاوەکان دەچنەوە سەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە رۆژی شەممە 26ی ئادار سەرەتای کۆتایی ئەو ناکۆکییە یەکلایی بکاتەوە کە چەند مانگێکە عێراق گیرۆدەی بووە.
 
بە ئەگەری زۆرەوە شەممە لە پەرلەمانی عێراق بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆککۆمار دەخرێنە دەنگدانەوە و یەکێکیان بە سیفەتی سەرۆک دەچێتە کۆشکی کۆماری.
 
رۆژی چوارشەممە هاوپەیمانێتییەکەی سەدرییەکان و پارتی و سەرەوەری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییان بەناوی هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان راگەیاند. بە گوتەی شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی، ئەو 220 پەرلەمانتارەی بۆ تەواوکردنی رێژەی یاسایی دانیشتنەکەی 26ی ئادار پێویستن، گەرەنتی کراوە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بە رووداوی راگەیاند، "دەنگدان بابەتێکی نهێنییە و مافی هەر ئەندام و لایەنێکە کە کێ هەڵدەبژێرێت، بەشداربوونی لایەنێک لە دانیشتنی پەرلەمان مانای ئەوە نییە کە دەنگ بە لایەنێک دەدات".
 
پێش بانگەوازەکەی موقتەدا سەدر بۆ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی شەممەی داهاتوو، هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان 178 کورسیی هەبوو. پەرلەمانتارێکی رەوتی سەدر دەڵێت، نزیکەی 50 پەرلەمانتاری سەربەخۆ و چەند هاوپەیمانێتییەکی دیکەش بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن و ژمارەی ئامادەبووانی رۆژی کۆبوونەوەکە دەگاتە 230 پەرلەمانتار.
 
د. سەلام زوبەیدی، ئەندامی هاوپەیمانی نەسر دەڵێت، "دانیشتنی رۆژی شەممە پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، وەکو ئەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری لێداوە، ئەم ژمارەیەش لە بوونی ناکۆکییەکان پێموایە زۆر قورسە هەبێت ئەگەر لە دوو رۆژی داهاتوو رێککەوتن و لێکتێگەیشتن نەبێت".
 
بەڵام چوارچێوەی هاوئاهەنگییش دەستەوەستان دانانیشێت و سەرکردەکانی دەڵێن، ناهێڵن کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکرێت، کە سەرۆککۆماری تێدا هەڵدەبژێردرێت. محەمەد زەیادی، سەرکردە و پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە رووداوی گوت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوپەیمانیی عەزم و بەشێک لە سەربەخۆکانیان لەگەڵدایە و 135 کورسییان هەیە.
 
غانم ئەلعابد، لێکۆڵەری سیاسی دەڵێت، "دەستوور بە راشکاوی باسی ئەوەی کردووە کە ژمارەی ئامادەبووان، واتە رێژەی یاسایی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار 220 پەرلەمانتار بن، ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام ئەوا گەڕی دووەم هەیە کە 165 پەرلەمانتاری پێویستە بۆئەوەی سەرۆککۆمار هەڵبژێرن".
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، 35 پەرلەمانتاری سەربەخۆکان و 23 پەرلەمانتاری دەرەوەی هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان لە کۆبوونەوەکەی 26ی ئادار بەشدار دەبن، ئەگەر ئەوە رووبدات، دانیشتنی پەرلەمان لەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یەکێتی پەکیناکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بۆردوومانەکە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا: پێویستە هاووڵاتییانی ئەمریکا هەر ئێستا عێراق جێبهێڵن

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، "میلیشیا تیرۆریستییەکان"ی نزیک لە ئێران هێرشی هەڕەمەکییان بۆ سەر هاووڵاتییان و ئامانجە ئەمریکییەکان لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و داواش دەکات هاووڵاتییانی ئەمریکا هەر ئێستا عێراق جێبهێڵن.