رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان چوار کەسیان دەستگیر کردووە، کە تێوە گلاون لە ئاراستەکردنی چەند مووشەکێک لەنێو خاکی عێراقەوە بەرەو سووریا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کاژێر 08:20ـی خولەک، "گرووپێکی لەیاسادەرچوو" لە سنووری ناحیەی رەبیعەوە لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا، چەند مووشەکێکیان بەرەو خاکی سووریا هاوێشتووە. سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەو کارەی بە "سەرکێشانە و دوور لە دانایی" ناوبردووە، کە دژی ستراتیژیی حکومەتی عێراقە بۆ پاراستنی ئاسایش.
سەباح نوعمان رایگەیاندووە، دەستبەجێ دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری جووڵەیان کردووە و توانیویانە چوار لە بکەرانی هێرشەکە دەستگیر بکەن و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا بگرن. تۆمەتبارەکان رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون بۆ لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای هەموو ئەو کەسانەی دیکەشدا بەردەوامە کە دەستیان لەو "کارە تاوانکارییەدا" هەبووە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عێراق سوورە لەسەر پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و بەپێی بنەما دەستووری و یاساییەکان، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات خاکەکەی ببێتە سەرچاوە و شوێنی هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی دیکە.
شەوی دووشەممە، 23-3-2026، سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ ناوچەی رۆژهەڵات، لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە کرایە سەر بنکەی "خراب جیر" و رایگەیاند: "ئەم هێرشە لە رێگەی چەند مووشەکێکەوە بووە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون."
دوای رووداوەکە گرووپێک بەناوی کەتیبەکانی ئەولیائوڵڵا هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
هەروەها دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا رایگەیاند، یەکێک لە بنکە سەربازییەکانیان لە گوندەواری حەسەکە رووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی بووەتەوە کە لە نێو قووڵایی خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون. ئاماژە بەوەش دەکات کە سوپای عێراق دەستی بە پشکنین کردووە بۆ دۆزینەوەی بکەرانی هێرشەکە.
بنکەی "خراب جیر" پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهات، بەڵام ئێستا هیچ سەربازێکی ئەمریکی لێ نییە و تەنیا هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و هێزی ئەمنی گشتیی سەر بە حکومەتی سووریا تێیدا جێگیرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ