چوارچێوەی هاوئاهەنگی: بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا مافی دەوڵەتە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان رایدەگەیێنێت، بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا مافی دەوڵەتە و هێرشکردنە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی بە "پێشێلکردنی سەروەری" ناو دەبات، بەڵام لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەیاندا هیچ ئاماژەیەکیان بەو هێرشە نەکرد کە کرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهید بوون.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆبوونەوەی ژمارە 166ـی خۆی لە کۆشکی حکومەت کرد. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەڕێوەچوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی کردووە و بە "پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی عێراق" وەسفی کردووە. هەروەها پاڵپشتیی خۆی بۆ بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی دووپاتکردەوە، کە رێگە بە هێزە ئەمنییەکان دەدات بەرگری لە خۆیان بکەن.
 
سەرباری جەختکردنەوە لە سەروەریی عێراق، لە راگەیێندراوەکەدا بە هیچ شێوەیەک باسی ئەو هێرشە نەکراوە کە بەرەبەیانی هەمان رۆژ (24ـی ئاداری 2026) لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە مووشەک کرایە سەر ناوچەی سپیلک لە سنووری ئیدارەی سۆران.
 
لەو هێرشەدا کە هێزەکانی پێشمەرگە کرانە ئامانج، شەش پێشمەرگە شەهید بوون و 30ـی دیکەش بریندار بوون، بەڵام چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئامادە نەبوو سەرکۆنەی ئەو هێرشە بکات.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاوخەمی و پشتیوانیی خۆی بۆ گەلانی ئێران و لوبنان دەربڕیوە. داواشی کردووە ئەو هاوسۆزییە تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا نەمێنێتەوە و لە رێگەی "چالاکیی جەماوەری و دەستپێشخەریی مرۆییەوە" بکرێتە هەنگاوی کردەیی.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت سەرکۆنە کراوە و داوا کراوە بکەرەکانیان دەستگیر بکرێن. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە بڕیاردان لەسەر "شەڕ و ئاشتی" تەنیا و تەنیا مافی دەوڵەتە و هیچ لایەنێکی دیکە بۆی نییە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان ئەو بڕیارە بدات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی بۆردوومانەکە

حەشدی شەعبی: بارەگایەکمان لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆردوومان کرا

دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێ، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بارەگایەکی لیوای 31ی هێزەکانی لە سنووری قەزای بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین بۆردوومان کراوە و لە ئەنجامدا 7 کەس بریندار بوون.