سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس پێکدەهێنن

24-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نزیکەی شەش هەزار بڕیاری ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعس هەن، زۆربەیان لە عێراق کاریان پێدەکرێت. دەشڵێت، لیژنەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ هەڵوەشاندنەوەیان پێکهێناوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 24-5-2023، رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس کە هێشتا لە عێراق کاریان پێدەکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە عێراق 5 هەزار و 903 بڕیاری ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شۆڕشی سەر بە بەعس هەیە و بەشی هەرە زۆریان کاریان پێدەکرێت."
 
لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان، رێبوار هادی گوتی: "ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی لەگەڵ د. عەبدولـلەتیف رەشید،  سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە و دۆخی یاسادانان و یاساکانی لە عێراق لەگەڵدا تاوتوێ کرد." گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە پێکبهێنرێت."
 
سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی میکانیزمەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە رایگەیاند: "ئەو بڕیارانەی هەڵدەوەشێنەوە ئەگەر پێویستیان بە یاسای جێگرەوە هەبێت، ئەوا دەردەکرێن و بەپێی رێوشوێن و ئەو رێکارانەی دەگیرێنەبەر."
 
ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی عێراق لەدوای کودەتاکەی ساڵی 1968 لە عێراق پێکهێنرا، دەستەیەک بوو بۆ بڕیاردانی کۆتایی و دروستکردنی ئەو بڕیارانە، لە پێش رووخانی بەعس لە ساڵی 2003، ئەو ئەنجوومەنە رۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنیشی دەبینی، لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆککۆمار بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە