لیژنەى دارایی بۆ ئامادەکاریی ناردنى پڕۆژەیاساى بودجە بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمان کۆدەبێتەوە

24-05-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەى دارایی بە سەرۆکایەتیى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە کۆبوونەوەدایە. کۆبوونەوەکەش بۆ ئامادەکاریى ناردنى پڕۆژەیاساى بودجەیە بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمان و دیاریکردنى کۆبوونەوەى دەنگدان لەسەرى.
 
کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنى ئەو ماددانەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراقە کە هێشتا ماون لە لیژنەکە دەنگیان لەسەر بدرێت بەتایبەت هەردوو مادەى 13 و 14ـى پڕۆژەیاساکە کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان.
 
راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق بڵاویکردەوە کە کۆبوونەکە بۆ ئامادەکاریی ناردنى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتییە بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمان بەمەبەستى دیاریکردنى کۆبوونەوەى دەنگدان لەسەرى.
 
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 98٪ـی کارەکانی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو بووە، تەنیا مادەکانی 13 و 14ـی نێو پڕۆژەیاسای بودجە ماون و دەبێت یەکلایی بکرێنەوە.
 
نەرمین مەعرووف گوتى: "بە ئەگەرێکی زۆرەوە رۆژی شەممە (27ـى ئایار) پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە دەدات."
 
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023ـی عێراق قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی 12.6٪ دیاریکراوە، کە زیاتر لە 16 تریلیۆن و دینارە. 
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق گۆڕانکارى لە بڕگەى دووەمى مادەى 12ـی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کرد و دەستەواژەیەکى لابردووە کە ئاماژەبوو بۆ ئەوەى پشکى هەرێمى کوردستان "نابێت زیاتر بێت لە داهاتى نەوتى داهاتى دەروازە سنوورییەکان." 
 
رۆژی 21ـى ئایارى 2023، ئەو بڕگەیە لەنێو لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پەسندکرا، بەمەبەستى جێگیرکردنى لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بەر لەوەى لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر بدرێت.  
 
بەگوێرەى ئەو بڕگەیەی کە لە پڕۆژەیاساکەدا هەبوو، ئەگەر نرخى نەوت بەرزبێتەوە و داهاتى خاڵە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان زیادبکات، پشکى هەرێمى کوردستان ناگۆڕێت، لە کاتێکدا پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساکە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى قەبارەى پارەى پڕۆژەیاساکە کە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە.
 
ئەم هەواڵە بە هاوبەشی لەلایەن هەستیار قادر و نەهرۆ محەممەدەوە ئامادەکراوە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە