سەدر ئامادەکاری بۆ یەکەم پشووی جەژنی غەدیر دەکات

24-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی جەژنی غەدیر کە مانگی داهاتوو بۆ یەکەمجارە دەکرێتە پشوو لە عێراق؛ موقتەدا سەدر داوای کرد سەردانی مەزاری ئیمامی عەلی بکرێت و فەرمانی سازدانی پێشبڕكێیەکی بۆ شیعر و خۆشنووسی کردووە. نووسینگەکەشی بەبێ دیاریکردنی خەڵاتەکان، وردەکارییەکەی بڵاودەکاتەوە.
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، راگەیێندراوێکی لەبارەی رۆژی جەژنی غەدیر بڵاوکردەوە، کە ئەم هەفتەیە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە وەکو جەژنێکی گشتی لە عێراق کرایە پشووی فەرمی.
 
سەدر بە ئایەتی 3ی سورەتی مائیدەی قورئانی پیرۆز دەستی بە راگەیێندراوەکەی کردووە و دەڵێت، "لە رۆژی دەسەڵات (ویلایە) سێ داوا لە خەڵکی دەسەڵات (ویلایە) دەکات."
 
سێ داواکارییەکەی سەدر ئەمانەن:
 
- لە سەردانیکردنی ئیمامی عەلی کە بە شوێنگرەوەی پەیامبەری ئیسلام محەممەد "د. خ" ناوی دەبات و مەزارەکەی، کەمتەرخەمی نەکەن بۆ خۆشی دەربڕین بەو رۆژە مەزنە، بۆئەوەی سەردانەکە وەکو پشتگیرییەک بێت و بەیعەتدان بێت پێی.
 
- داوا لە شاعیران دەکەم  شیعر ئامادە بکەن بۆ زیندووکردنەوەی جەژنی گەورەترینی خودا، بەلانی کەمەوە 25 دێڕ زیاتر نەبێت و تێیدا دەستدرێژی نەکرێتە سەر هیچ کەس، چی کۆنەکان یان ئەوانەی ئێستا بن.
 
- داوا لە برایانی خۆشنووس دەکەم پەنجەکانیان بۆ ئامادەکردنی تابلۆ هونەرییەکانیان نەرم بکەن بەبۆنەی جەژنی غەدیر بۆ گوزارشت لەو بۆنە مەزنە.
 
دوای راگەیێندراوەکە، نووسینگەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە وردەکاری و رێکارەکانی ئەو داواکارییانەی سەدری بڵاوکرددەوە.
 
جەژنی غەدیر رۆژی 18ـی مانگی زولحیجەی ساڵی کۆچی دەکات، لە ساڵی زاینییدا ئەو بۆنەیە ئەمساڵ دەکەوێتە 24ـی مانگی حوزەیرانی داهاتوو.
 
موقتەدا سەدر، بە هۆکار و پشتیوانی سەرەکیی دانانی رۆژی غەدیر بە پشووی فەرمی لە عێراق هەژماردەکرێت، بە سێ رۆژ پێش ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 22ـی ئایار یاسای پشووە فەرمییەکان پەسەندبکات، داوای پەسەندکردنی ئەو رۆژەی بە پشوو کرد، هەرچەندە سونەکان پارێزبەندییان لەسەر ئەو رۆژە هەیە.
 
جەژنی غەدیر، بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکان لەلای شیعەکان هەژمار دەکرێت، دەڵێن لە رۆژی 18ـی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ـی کۆچی، محەممەد پەیامبەری ئیسلام (د.خ) بە فەرمانی خودا عەلیی کوڕی ئەبو تاڵیبی بە جێنشینی خۆی و ئیمامی موسڵمانان داناوە، ئەو گوتارەشی لە شوێنێک بڵاوکردەوە بەناوی غەدیرخەم کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی مەککە و مەدینە؛ بەڵام سوننە مەزهەبەکان لەگەڵ ئەو تێڕوانین و شیکردنەوەیە نین. بۆیە ئەمە بووەتە بابەتێکی ناکۆکیی نێوان سوننە و شیعەکان بەتایبەتی لە عێراقدا تائێستا بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنکەیەکی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق. وێنە: رووداو

هێزە شیعەکان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبنە دوو بەشەوە

بابەتی هەڵبژاردنى پێشوەختەى پەرلەمانى عێراق هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەکات بە دوو بەشەوە. نوورى مالیکى پاڵپشتی لە ئەنجامدانی دەکات و حەیدەر عەبادى دژیەتی. بەگوتەى سەرکردەیەکى ئەو هاوپەیمانێتییە، نەویستراوە ئەو بابەتە ببنە کۆبوونەوەکان، نەوەک لەبرى چارەسەر کێشەى دیکە دروست بکات.