لە هەڵبژاردنی عێراق 27.6٪ـی دەنگدەران کارتی بایۆمەترییان نییە و لە دەنگدان بێبەش دەبن

24-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سبەی وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات. بەهۆی نەبوونی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیش، 27.6%ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 24ـی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەکرد، لیستی بەربژێرەکان لە هەموو ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان وەردەگیرێن، کە راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە سەنتەری نیشتمانی لە بەغداوە.
 
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆن لە عێراق و هەرێمی کوردستان 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام جومانە غەلای دەڵێت، 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەترییان هەیە.
 
ئەوەی کارتی بایۆمەتری نەبێت، ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بکات، واتە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس کە دەکاتە 27.6٪ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.
 
پرۆسەی تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتییەکان، رۆژی پێنجشەممە رابردوو کۆتاییهات، غەلای رایگەیاند: ''لە کۆی 343 پارتی مۆڵەتپێدراو، 118 پارت ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن نیشانداوە و 60 پارتی نوێش لە قۆناخی پێکهێنانن''.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق دەشڵێت، لەکۆی 66 هاوپەیمانێتیی تۆمارکراو، 25یان خواستی بەشدارییان دەربڕیوە، 11 هاوپەیمانێتیی نوێش داواکارییان پێشکێشکردووە و چاوەڕێی پەسندکردنی کۆمیسیۆنن. 16 لیست بە جیا خواستی بەشداریکردنی هەڵبژاردنیان دەربڕیوە.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە