رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاسای دەزگاى هەواڵگریى عێراق رێگە بە کردنەوەى نووسینگەى ئەو دەزگایە لە هەرێمى کوردستان دەدات. جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق کە کوردە دەڵێت، دەبێت هەر کارێک بە هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق سەرقاڵى ئامادەکردنى راپۆرتى خۆیەتی بۆ خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاسای دامەزراندنی دەزگاى هەواڵگریى نیشتمانیى عێراق، دواى ئەوەى لە 17ـی تەممووزدا لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا.
بەگوێرەى مادەى دووى پڕۆژەیاساکە، سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریى عێراق مافی هەیە نووسینگەى ئەو دەزگایە لە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بکاتەوە.
24ـی تەمموزى 2023، سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "یەکەمجارە نووسینگەى دەزگاى هەواڵگریى نیشتمانى لە هەرێمى کوردستان دەکرێتەوە. پێویستە کردنەوەیشی بە هاوئاهەنگى بێت لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان."
سەگڤان سندى گوتیشى، "بەگوێرەى پڕۆژەیاساکە، دەزگاى هەواڵگریى عێراق دەتوانێت نووسینگە لە هەرێمى کوردستان بکاتەوە، بەڵام رێگە نادەین بگاتە ئاستى کردنەوەى بەڕێوەبەرایەتى."
بەگوێرەى پڕۆژەیاساى دەزگاى هەواڵگرى عێراق، ئەو دەزگایە سەر بە ئەنجوومەنى وەزیرانە و بارەگاى سەرەکى لە بەغدا دەبێت و دادگەى تایبەتى دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە و سزادانى کارمەندانى، رێگەش نادەن بێ رەزامەندى دەزگاى هەواڵگریى نیشتمانى کارمەندانیان دەستگیر بکرێن.
بە پەسندکردنى پڕۆژەیاسای دەزگاى هەواڵگریی نیشتیمانى کە لە 2ـی ئايارى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسندی کرد و رەوانەى پەلەمانى کرد بەمەبەستى پەسندکردنى، هەردوو یاساى دەزگاى هەواڵگریی عێراقى ساڵى 1975 و بڕیارى دەسەڵاتى کاتیی هاوپەیمانانى ژمارە 69ـى ساڵى 2004 هەڵدەوەشێندرێنەوە، کە تایبەت بوون بەپێکھێنانى دەزگاى هەواڵگریى عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ