سوودانی گەیشتە بەسرە

24-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو - هەولێر 

ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە بەسرە. 

بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی تەممووزی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە بەسرە بۆ کردنەوە و دەستپێکردنی ژمارەیەک پرۆژە. 
 
عەقیل فرێجی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، دوێنێ چوارشەممە 23ی تەممووزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، پێنجشەممە سوودانی سەردانی بەسرە دەکات، سەردانەکەش بە مەبەستی کردنەوە و دەستپێکردنی ژمارەیەک پرۆژەیە لەوانە دانانی بەردی بناخەی پرۆژەی شیرینکردنی ئاوی دەریا، هەروەها بەدواداچوون بۆ ژمارەیەک پرۆژەی دیکە.
 
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق دیدار و کۆبوونەوەشی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکە دەبێت.
 
لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەمە دووەمین جارە، سوودانی سەردانی بەسرە بکات، دوای ئەوەی رۆژی 2ی ئەم مانگە سەردانی ئەو پارێزگایەی کردبوو.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 1ی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەندین بڕیاری تایبەت بە بەسرەی دەرکرد، لەوانەش تەرخانکردنی 5 ملیار دینار بۆ چاککردنەوەی پڕۆژەکانی ئاودێری و تەواوکردنی کەناڵی بەسرە، تەرخانکردنی 13 ملیار دینار بۆ چاککردنەوەی وێستگەکانی پاڵنانی ئاو و بەنداوە لاوەکییەکان، دابینکردنی تانکەر بۆ پارێزگای بەسرە، خێراکردنی کارەکان لە پڕۆژەی شیرینکردنی ئاوی دەریا و گۆڕینی بەشە خراپەکەی کەناڵی بەسرە بۆ بۆری، راسپاردنی وەزارەتی کارەبا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای پڕۆژەی ئاوی بەسرە، دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ کارمەندانی پڕۆژەی ئاوی بەسرە و فەرمانگەی ئاوی پارێزگاکە.
 
بەسرە بەدەست کێشەی کەمئاوی دەناڵێنێت، ماوەیەکە خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو پارێزگایە دەکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە