عێراق گاز لە تورکمانستانەوە هاوردە دەکات

24-08-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، لەگەڵ تورکمانستان گەیشتوونەتە رێککەوتنی بەرایی بۆ هاوردەکردنی گاز لەو وڵاتە. چاوەڕوانیش دەکرێت کۆتایی ئەمساڵ واژۆ لەسەر ئەو رێککەوتنە بکرێت.
 
عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز، رۆژی پێنجشەممە 24-08-223  لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "شاندێکی باڵای حکومیی لەگەڵ بەرپرسانی کەرتی گازی کۆماری تورکمانستان کۆبوونەوە، بەشێوەیەکی بەرایی رێککەوتن بڕێک گاز لەو وڵاتە هاوردە بکەن، بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی وێستگەکانی کارەبا، ئەوەش بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتن دەبێت کە لەنێوان هەردوولا ئامادە دەکرێت."
 
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز ئاماژەی بەوەداوە، چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی ئەمساڵ واژۆ لەسەر ئەو رێککەوتنە بکرێت، کە بڕی گازی پێشنیازکراو و میکانزمی نێوان هەردوولات لەخۆدەگرێت. 
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی لە گرنگی ئەو رێککەوتنە کردووەتەوە و پێیوایە، هەنگاوێکە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنەری گاز کە تورکمانستان یەکێکە لە گرنگترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری گاز لە ناوچەکە و جیهانە. 
 
شاندەکە جگە لە عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز، پێکهاتبوو لە عادل کەریم، بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری بەرهەمهێنان، عەبدولحەمزە هادی، راوێژکار، نەسیر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە و پلادانان لە وەزارەتی نەوت و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە.
 
بەشێک لە وێستگەکانی کارەبای عێراق بە گاز کاردەکەن و بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە گازی ئێرانی دەبەستن. ئێستا عێراق هەوڵدەدات سەرچاوەکانی هاوردەکردنی گاز فرەجۆر بکات.
 
عێراق رۆژانە پێویستى بە زیاتر لە 45 ملیۆن مەتر سێجا گازى ئێرانە بۆ کارکردنى وێستگەکانى کارەبا، بەڵام سەرەتای مانگی تەممووزی رابردوو ئێران ماوەیەک بڕەکەی بۆ 21 ملیۆن مەتر سێجا کەمکردەوە، بەو هۆیەوە 5000 مێگاوات کارەبا لە عێراق کەمیکرد.
 
رۆژی 12-07-2023 عێراق و ئێران رێککەوتننامەی نەوت بەرامبەر بە گازیان واژۆ کرد. بەپێی رێککەوتنەکە، حکومەتی عێراق لە بەرامبەر وەرگرتنی گاز لە ئێران، نەوتی خاو یان نەوتی رەشی پێ دەدات، ئەوەش وەکو هەنگاوێک بۆ دوورکەوتنەوە لە سزاکانی ئەمریکا کە بەسەر تاراندا سەپاندوونی و نابێت دۆلار بدرێتە ئێران.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە