رووداو دیجیتاڵ
سەجاد عێراقی، ئەو چالاکوانەی خۆپێشاندانەکانە، کە دەزگای دژە تیرۆر و ئۆپەراسیۆنی سۆمەر دوو رۆژە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی گەورەیان لە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق دەستپێکردووە بۆ رزگارکردنی، تەنانەت هێزی ئاسمانیی سوپای عێراقیش لە ئۆپەراسیۆنەکە بەشدارە.
بەڵام دوای گەمارۆدانی ناوچەکانی سەید دەخیل لە رۆژهەڵاتی پارێزگای زیقار و پشکنینی ماڵی چەند شێخێکی هۆزەکان لە ناوچەکە، بە گومانی داڵدەدانی رفێنەرانی سەجادی چالاکوان، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی ئۆپەراسیۆنەکە و هۆزەکانی ئەو ناوچانە سەریهەڵدا و مەترسی هەیە پێکدادانی لێبکەوێتەوە.
ناسر لەفتە، پەرلەمانتاری پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پەرلەمانتارانی زیقار پێشتر بە سەرۆکوەزیرانیان گوت ئەوە کێشەکەیە و ئەوەش چارەکەیەتی، بەڵام سەرۆکوەزیران هەنگاوی خراپی نا بەرامبەر زیقار، ئەگەر رەوشی ئەمنی کۆنترۆڵبکرایە هەموو رۆژێک رفاندن و کوشتن لە زیقار روویان نەدەدا. هۆزەکانی زیقار گلەییان لەوەیە هێزە ئەمنییەکان بەبێ فەرمانی دادگا و بە هەڕەمەکی خۆنواندن لە ناوچەکانیان دەکەن، دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاقڵانە هەڵسوکەوت بکات و رەوشەکە بەرەو خراپتر نەبات.
چالاکوان سەجاد عێراقی بەرەبەیانی یەکشەممە 20ی ئەیلوولی 2020، لەلایەن چەکدارانی نەناسراو لە شاری ناسریە ناوەندی پارێزگای زیقار رفێندرا و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە، دواتر خۆپێشاندەران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دوو پردیان لە ناوەڕاستی ناسریە داخست، سەرکردەیەکی عەسائیبی ئەهلی حەقیش لە عێراق دەڵێت "شوورەییە بۆ کازمی ئەو هەنگاوەی بەرامبەر زیقار نا".
جەواد تڵێباوی، سەرکردەی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند "هەموو رۆژێک فێری تیر هاوێشتنم دەکرد، هەر کە بەهێزبوو تیری بۆ من هاوێشت، ئەگەر قوربانیدانەکانی هۆزەکانی زیقار نەبوایە، سەرکەوتن بەدینەدەهات و دەوڵەت شکۆی نەدەبوو، بۆیە شوورەییە کازمی بە دەزگای دژە تیرۆر خۆنواندن لە پێشی هۆزەکانمان لە زیقار دەکات و ئەو هێزە بەکاردەهێنێت بۆ تۆقاندنیان بە بیانووی ئەوەی کەسێک رفێندراوە، کازمی بۆ کوێ؟"
بەپێی حکومەتی عێراق لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان دژی هەژاری، گەندەڵی، بێکاری و خراپیی خزمەتگوزارییەکان لە عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019وە تاوەکو ئێستا 565 خۆپێشاندەر و چالاکوان و کارمەندی ئەمنی بەهۆی خۆپێشاندانەکان گیانیان لەدەستداوە، جگە لە رفاندنی دەیان چالاکوان، کە تاوەکو ئێستا چارەنووسی بەشێکیان نادیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ