عێراق
ئۆکراینییەک بەنێو گەڕەکێکی وێرانبووی کۆستیانتیڤیکا دەڕوات و ئۆتۆمبێلێک لەلایەوە بۆردوومان کراوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەدان عێراقی لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا بەشدارن و لیژنەیەکیان بۆ گەڕاندنەوەیان پێکهێناوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی بەبێ مۆڵەت دەچنە ریزی سوپای وڵاتانی دیکە و دەڵێت: "سزای زیندانیکردنیان هەیە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025 قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەیەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی عێراقییەکانی نێو جەنگی رووسیا و ئۆکراینا."
قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەکە چەندین کۆبوونەوەی کردووە و راسپاردەکانی بەرز کردووەتەوە، "سەرۆکوەزیرانیش رەزامەندی لەسەر راسپاردەکان داوە."
هەر ئەمڕۆ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەگەڵ قاسم ئەعرەجی و لیژنەی تایبەت بەو پرسە کۆبووەوە.
فایەق زێدان لەبارەی لایەنی یاسایی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە شەڕی وڵاتانی دیکە رایگەیاند: "بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک بەبێ رەزامەندیی حکومەت بچێتە نێو هێزە چەکدارەکانی وڵاتێکی دیکەوە، سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق باسی لەوە کرد، ئەنجوومەنی دادوەری پشتگیریی کارەکانی لیژنەکە دەکات و لە داهاتوویەکی نزیکدا لیژنەکە چەندین دیداری گرنگی دەبێت بۆ "رزگارکردنی رۆڵەکانمان لە مردن، کە ژمارەیان سەدان کەس دەبێت."
سەبارەت بە تۆڕەکانی بردنە دەرەوەی گەنجان، قاسم ئەعرەجی دڵنیایی دا لەوەی "رێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە تێوەگلاون لە پڕۆسەی چەکدارکردنی عێراقییەکاندا."
پێشتر لە رۆژی 08-11-2025، ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی بەشداریی عێراقییەکان لە ریزەکانی سوپای وڵاتەکەی گوتی: "ئەم حاڵەتانە هەن، بەڵام تاکەکەسین و قەبارەیان ئەوەندە نییە کە هەندێک کەس هەوڵدەدەن بانگەشەی بۆ بکەن."
باڵیۆزی رووسیا ئەوەشی بۆ رووداو ئاشکرا کردبوو کە چەند جارێک ڤیزایان داوە بە کەسوکاری ئەو عێراقییە کوژراوانەی لە رووسیا شەڕیان کردووە، بۆ ئەوەی بچن تەرمەکانیان وەربگرنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ