رووداو دیجیتاڵ
بانکی رەشید ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە گوایە بانکەکە دەستی بەسەر پارەی ئەو کەسانەدا گرتووە، کە پارەیان لەو بانکە داناوە یان کێشەی نەختینەی هەیە.
چوارشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2025، بانکی رەشید روونکردنەوەیەکى لە بارەی ئەو دەنگۆیانە بڵاوکردەوە کە سەبارەت بە دۆخی دارایی ئەو بانکە بڵاوکرابوونەوە.
بانکەکە، کە سەر بە وەزارەتی دارایی فیدراڵە، رایگەیاند "ئەو بانگەشە و زانیارییانەی لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە لەبارەی نەبوونی نەختینە و دەستگرتن بەسەر پارەی هاووڵایتیان لەو بانکەدا، ورد نین و دوورن لە راستییەوە."
لە بەشێکی روونکردنەوەی بانکەکەدا هاتووە: "بەردەوامین لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بە شێوەیەکی سرووشتی و بەگوێرەی بڕیار و رێوشوێنە یاساییەکان و پارەی هەموو هاووڵاتییان پارێزراوە."
رەتکردنەوەکەی بانکی رەشید لەدوای ئەوە هات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاو کرابووەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی کە هەژماریان لەو بانکە بووە، ویستوویانە پارەکانیان رابکێشن، بەڵام بڕێکی کەمیان پێدراوە.
بانکی رەشید رایگەیاند، رێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی ئەو کەسانە دەگرنەبەر، کە ئەو جۆرە بانگەشانەیان بڵاوکردووەتەوە.
بانکی رەشید لە ساڵی 1988 دامەزراوە و زیاتر لە 121 لقی لە پارێزگاکانی عێراق هەیە، بەشێک لە مووچەی بەجێکراوی فەرمانبەرانی عێراق لە رێگەی ئەو بانکەوە دابەش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ