رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 20% باج خرایە سەر کارتی تەلەفۆن و ئینتەرنێت. بەگوتەی ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمان، ئەو بڕیارە بەهۆی کۆتاییهاتنی یاسای بودجە بووە و نرخی ئەو خزمەتگوزارییانە زیاد دەکات.
ئەو هەنگاوە لە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هاتووە، کە لە کۆبوونەوەی رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2025 دەرکراوە و ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنەکە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە جارێکی دیکە کار بە کرێی خزمەتگوزاری دەکرێتەوە بە رێژەی 20% لەسەر کارتی تەلەفۆن و ئینتەرنێت، بەوانەیشەوە کە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکانەوە پڕ دەکرێنەوە. وەزارەتی پەیوەندییەکان و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لەسەریانە مانگانە لە کۆمپانیاکان کۆی بکەنەوە و بیخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی.
کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو باجە لە پڕۆژەیاسای سێ ساڵەی عێراق هەڵگیرابوو بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتیان دروست نەکات، بەڵام بە کۆتاییهاتنی بودجە زیاد کراوەتەوە."
مادەی 48ی یاسای بودجەی گشتی دەسەڵاتی داوە بە ئەنجوومەنی وەزیران کە لەسەر پێشنیازی وەزیری دارایی فیدراڵ، بڕی باجی کۆمپانیاکانی تەلەفۆن و ئینتەرنێت دیاری بکات.
کاروان یاروەیس رایگەیاند، ئەو هەنگاوە پەیوەندیدارە بە هەوڵی حکومەت بۆ زیادکردنی داهات و نرخی ئەو خزمەتگوزارییانە بەرز دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ