رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو دەنگدانەی لە دەستەی حەشدی شەعبی کراوە لەو تاقیکردنەوانە نەبووە، کە بۆ دەنگدان دەکرێن، بەڵکو راهێنانێک بووە لەسەر داوای دەستەکە.
وێنەی ئەو دەنگدانە لەنێو گرووپەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی بڵاوکراوەتەوە، کە لە 22ی تشرینی یەکەمی 2025 لە بارەگاى دەستەی حەشدی شەعبی لە بەغدا کراوە.
نبراس ئەبو سودە، جێگری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەوە لاساییکردنەوەى دەنگدان نەبووە بەو مانایەی بۆ تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان بەگوێرەی پێوەرەکانی کۆمیسیۆن دەکرێت، بەڵکو ئەوە لەسەر داوای دەستەی حەشدی شەعبی بووە لە کۆمیسیۆن کە داوا کرابوو وۆرکشۆپێک بکرێت بۆ روونکردنەوە لەبارەی بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە، ئەوەی کراوە راهێنان بووە لەبارەی شێوازی دەنگدان."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت، زۆربەی پرۆسەکەش بە ئەلکیترۆنی دەکرێت، هەر لە پەنجەمۆری دەنگدانەوە تاوەکو ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان.
نبراس ئەبو سودە رایگەیاند: "وەک کۆمیسیۆن ئامادەن بۆ ئەو راهێنانانە لەبارەی دەنگدان، ئەگەر هەر وەزارەت و گردبوونەوەیەکی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بە فەرمی داوایان لێ بکەن." گوتیشی "ئەو ئامێرانەی لەو راهێنانە بەکاردەهێندرێن، نموونەی ئامێری دەنگدانن."
بەگوێرەی ئاماری فەرمی کۆمیسیۆن، 128 هەزار و 27 فەرماندەی دەستەی حەشدی شەعبی لە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەتوانن بەشدار بن، کە لە 9ی تشرینی دووەم و دوو رۆژ بەر لە دەنگدانی گشتی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ