عێراق
سەرلیستی یەکێتی و هاوپەیمانێتییەکی تورکمانی لە کەرکووک و دوو بەربژێری ژنی کورد لەنێو ئەو 23 بەربژێرەدان کە سزادراون.
رووداو دیجیتاڵ
سەرلیستی یەکێتی و هاوپەیمانێتییەکی تورکمانی لە کەرکووک و دوو بەربژێری ژنی کورد لەنێو ئەو 23 بەربژێرەدان، کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە سزاى پێبژاردن دراون، بەربژێرێکی دیکە دەرکەوتووە بڕوانامەکەی ساختە بووە و دوورخرایەوە، فەرمانبەرێکی کۆمیسیۆنیش کاری بۆ بەربژێرێک کردووە و لە کارەکەی لادرا.
ئەو رێکارانە لە چوارچێوەی چەند بڕیارێکدا بوون، کە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە 23ی تشرینی یەکەمی 2025 دەریکردوون.
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆن، تێکڕای ئەو بەربژێرانەی تاوەکو ئێستا سزادراون گەیشتووەتە 540 بەربژێر، 62یان بەر لە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بوون.
بەربژێرێک بڕوانامەکەی ساختەى داوەتە کۆمیسیۆن
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریداوە رەحیم محەممەد خەشن، بەربژێری ریزبەندی هەشت لە لیستی تەسمیم لە پارێزگای بەسرە دووربخاتەوە بەهۆی سەرپێچیکردنی بڕگەی دوو لە مادەی حەوتی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
بڕگەی دوو لە مادەی حەوت تایبەتە بە مەرجی هەبوونی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت ببێتە بەربژێر.
بەگوێرەی بڕیارەکە ئەو بەربژێرە بەڵگەنامەی ساختە لەبارەی بڕوانامەکەی پێشکەش کردووە، کۆمیسیۆن سکاڵای یاسایی لەدژی تۆمار دەکات، ئەو دەنگانەی کە بەربژێرە دوورخراوەکە لە هەڵبژاردن بەدەستی دەهێنێت رادەگیرێت و هەژمار ناکرێت.
حوسێن موحسین حەمزە، بەربژێری ژمارە 21ی لیستی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بابل بەتەواوی دوورخرایەوە. ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای بڕگەی سێ لە مادەی حەوتی یاسای هەڵبژاردن بووە، کە پەیوەندیدارە بە پێشینەی تاوانەوە، لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئەو بەربژێرە هەر دەنگێک بەدەستبهێنێت رادەگیرێت و هەژمار ناکرێت.
فەرمانبەرێکی کۆمیسیۆن دوورخرایەوە
یەکێک لە بڕیارەکانی دیکەی کۆمیسیۆن تایبەتە بە دوورخستنەوەی فەرمانبەرێکیان لە نووسینگەی نەینەوایان.
دوورخستنەوەی حوسێن فەتحی حەمادی، فەرمانبەر لە لقی نەینەوای کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای بڕگەیەکی مادەی هەشتی یاسای رێکخستنی پابەندبوونی فەرمانبەرانی دەوڵەت بووە و زیان بە بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن دەگەیەنێت.
ئەو مادەیە تایبەتە بەو فەرمانبەرانەی کاری مەترسیدار دەکەن، کە زیان بە بەرژەوەندیی گشتی دەگەیەنێت.
بەگوێرەی بڕیارەکە ئەو فەرمانبەرە لەدوای دەوامی فەرمی لە کۆمیسیۆن لە نووسینگەی ژنە بەربژێرێک لە بەرامبەر بڕێک پارە کاری کردووە.
بەگوێرەی چوار بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 23 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سزادراون کە سزای هەر یەکێکیان دوو ملیۆن دینار بووە.
رێبوار تەها، سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک و غەریب عەسکەر، سەرلیستی هاوپەیمانیی ئینقازی تورکمانى لەو پارێزگایە لەنێو سزادراوەکانی کۆمیسیۆنن.
ژنە بەربژێرێکی لیستی یەکێتی لە هەولێر و ژنە بەربژێرێکی دیکەی پارتی لە کەرکووک لەنێو سزادراوەکانی کۆمیسیۆنن.
سزادانی کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای سەرپێچیکردنی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بووە، زۆرینەیان لەسەر هەڵواسینی پۆستەر لەو شوێنانە سزادراون کە رێپێدراو نین.
کۆمیسیۆن هەر یەک لە لیستی یەکێتی و پارتی، بەهۆی هەڵواسینی پۆستەر لە شوێنی رێگەپێنەدراو بە بڕی دوو ملیۆن دینار سزاداوە.
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 3ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستی پێکرد و تاوەکو 8ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
سەر لیستێک و سێ بەربژێر گەڕێنراونەوە
بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە فەرمی سەجاد سالم، سەرلیستی هاوپەیمانیی بەدیل لە پارێزگاى واست گەڕێنرایەوە بۆ رکابەریی هەڵبژاردن و بەربژێرییەکەی پەسند کرا، لەدوای ئەوەی کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2025 لە بەربژێریی دوورخرابووەوە.
سێ بەربژێری دیکە لە لیستەکانی فاو و زاخۆ، حەسمی وەتەنی، عومقی وەتەنی لە بەغدا و ئەنبار گەڕێنراونەتەوە، کە پێشتر بەهۆی بڕیارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری دوورخرابوونەوە.
ئەو بەربژێرانەی گەڕێنراونەتەوە دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بکەن، کە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ