گرووپێکی چەکدار: بە چوار درۆن هێرشمان کردە سەر هەولێر و ئەنبار

24-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گرووپێکی شیعە کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت رایگەیاند، لە وەڵامی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر غەززە، بە چوار درۆن هێرشیان کردووەتە سەر پارێزگای هەولێر و ئەنبار. بەرپرسێکی ئەمریکیش دەڵێت، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
 
شەوی پێنجشەممە، 23-11-2023، گرووپێکی میلیشیای عێراقی کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت، رایگەیاند" لە وەڵامدانەوەی ئەو تاوانانەی دوژمن لە دژی خەڵکی غەزە دەیانکات، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بە چوار درۆن هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا."
 
سەبارەت بە وردەکاریی ئەو هێرشانە، گرووپەکە ئاماژەی بەوەداوە: "دوو لەو درۆنانە بنکەی عەین ئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار و دوو درۆنی دیکەشیان بنکەیەکی ئەمریکایان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریان کردە ئامانج."
 
رۆژی پێنجشەممە سەرچاوەیەکی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند: "بەڵێ، هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی هەولێر، بەڵام لەلایەن سیستەمی بەرگریی سیڕامەوە وەڵامی ‌هێرشەکە دراوەتەوە."
 
لەبارەی هێرشەکانەوە، شەوی پێنجشەممە، 23-11-2023، بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، بە درۆن هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەیەکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کە بە گوتەی خۆی، هیچ زیانێکی گیانی یان مادی نەبووە. 
 
هەر بە گوێرەی هەمان بەرپرس، رۆژی پێنجشەممە، بە ژمارەیەک درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، کە ئەویش زیانی گیانی و مادی نەبووە. 
 
کۆی گشتیی ئەو هێرشانەی لە 17 تشرینی یەکەمەوە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا، بە گوتەی ئەو بەرپرسە، گەیشتووەتە 72 هێرش.
 
ئێوارەی پێنجشەممە، 23-11-2023، گرووپێکی چەکداری شیعیی عێراقی کە خۆی بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناساندووە، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشێکی زەوینی بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند کە بە قسەی ئەوان چەکدارەکانیان لە مەودایەکی نزیکەوە بە RPG هێرشیان کردووەتە سەر قولـلەکانی بنکە سەربازییەکە و شەڕە تەقە لەنێوان هێزەکانیان و هێزەکانی نێو بنکەکە روویداوە، جگە لەوەش چەندین گوللـە هاوەن و چەکی سووک و قورسیان لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە.
 
گرووپی زافرین کە یەکێکە لە گرووپەکانی نێو گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیێندراوێکدا لەوبارەیەوە بڵاوی کردەوە، لە دەورووبەری بنکەی عەین ئەسەد شەڕی رووبەڕووبونەوە لەنێوان چەکدارەکانیان و هێزەکانی ئەمریکا روویدا و لە ئەنجامدا کەسێک بەناوی (جەعفەر سادق ئەحمەد تائی) لەکاتی رووبەڕووبونەوەی لەگەڵ هێزەکانی پیادەی ئەمریکا کوژراوە". هاوکات ئاماژەی بە کوژرانی "ژمارەیەک سەربازی ئەمریکیش" کردووە.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، "لە وەڵامی راستەوخۆی هێرشی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان، هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی ئەو گرووپانە لە عێراق."
 
رۆژی چوارشەممە 22-11-2023، دەستەی حەشدی شەعبی راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "کاژێر 2:30ـی بەرەبەیانی چوارشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2023، ژمارەیەک لە پێگەکانی دەستەی حەشدی شەعبی رووبەڕووی دەستدرێژیی ئەمریکیی ستەمکارانە بووەوە و بەهۆیەوە هەشت شەهید و چوار برینداری لێکەوتەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە