بانکی ناوەندیی عێراق رێکارەکان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکیی چەند دراوێکی بیانی تەواو دەکات

24-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، رێکارەکان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بە درهەمی ئیماراتی، یوانی چینی و رووپێی هیندی تەواوبوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لێک تێگەیشتنی باشیان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بە یۆرۆ و لیرەی تورکی هەیە.

 

رۆژی هەینی 24-11-2023، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای عێراق باسی لە چەند بابەتێک کرد. 
 
پلان هەیە حەواڵەی دەرەکی لە سەکۆی ئەلیکترۆنی دەربکرێت
 
عەلی عەللاق لەبارەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا دەڵێت، "بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لە پەیوەندیی بەردەوامدایە و کۆبوونەوەی وەرزیمان هەیە"؛ گوتیشی، "لە چوارچێوەی کۆبوونەوە وەرزییەکاندا، سەرەتای مانگی داهاتوو لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە شاری دوبەی لە ئیماراتی عەرەبی کۆدەبینەوە و تێیدا پێداچوونەوە بە سەرجەم بابەتەکان دەکرێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لە بابەتی رێکخستنی حەواڵەی دەرەکی بەو شێوەیەی کە دروستیی سیستمی دارایی گەرەنتی بکات، بەتایبەت دوای جێبەجێکردنی سیستمی نوێی حەواڵەی دەرەکی کە پێویستی بە هاوئاهەنگیی زۆر هەیە."
 
عەلی عەللاق گوتی، "ئەو هەنگاوانەی نراون ریشەیین و لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی بازرگانی لەسەر بنچینەیەکی دروست و رێکخستنی بازرگانیی دەرەکی بوون" و ئاماژەی بەوەشکرد، "بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق رێککەوتووە کە لە لایەنە جێبەجێکارییەکانی حەواڵەی دەرەکی دەربچن و رۆڵیان تەنیا سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردن بێت. ئەمە کارێکی سرووشتییە لە بانکە ناوەندییەکان. پلانیش هەیە بۆ ئەوەی حەواڵەی دەرەکی لە سەکۆی ئەلیکترۆنی دەربکرێت کە کۆتایی ساڵی داهاتوو کارکردن بەو سەکۆیە رادەگیرێت."
 
40 هەژماری بانکی بانکەکانی عێراق لە دەرەوە کراونەتەوە
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق باس لە چاکسازییەکانی کەرتی بانکی دەکات و دەڵێت، "ئاسانکارییمان لە حەواڵەکردنی دەرەکی کردووە. ئێستا جگە لە دۆلار، حەواڵە بە یۆرۆ و درهەمی ئیماراتیش دەکرێت"؛ گوتیشی، "رێکارەکان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بە درهەمی ئیماراتی، یوانی چینی و رووپێی هیندی تەواوبوون؛ لێتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی بە یۆرۆ یان لیرەی تورکی حەواڵە بۆ بانکەکانی تورکیا دەستپێبکات."
 
عەلی عەللاق رایگەیاند، 40 هەژماری بانکییان بۆ بانکەکانی عێراق لە بانکەکانی دەرەوە کردووەتەوە. 
 
لەبارەی گرتنەبەری شێوازی نوێ بۆ دابینکردنی دۆلار، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، ساڵی داهاتوو سەکۆکەی بانکی ناوەندی بۆ فرۆشتنی دۆلار دادەخرێت و ئاشکرای دەکات، "لە کۆتایی ساڵی 2024 دا کارکردن بە سەکۆی ئەلیکترۆنی رادەگیرێت. ئێمە گەیشتووین بە هەنگاوی باش و بە تەواوبوونیان دەستبەرداری ئەو شێوازە دەبین" و ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای ئەوە پڕۆسەکان خێراتر، ئاسانتر و رێکخراوتر دەبێت، چونکە بانکەکانی دەرەوە سیستمی تەواویان بۆ پێداچوونەوە و چاودێریی پێش جیبەجێکردنی پرۆسەکە هەیە."
 
کۆت و بەند لەسەر دابینکردنی دۆلار نییە 
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەو قسانە رەت دەکاتەوە کە گوایە کۆت و بەند لەسەر دابینکردنی دۆلار بۆ عێراق هەیە و دەڵێت، "بانکی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وەڵامی ئەو داواکارییانە دەدەنەوە کە پەیوەندییان بە دابینکردنی دۆلارەوە هەیە کە عێراق پێویستییەتی و جێبەجێی دەکەن، ئەوەش لە رێگەی گرتنەبەری رێسا و پێوەرە دروستەکانی پەیوەست بە جووڵەی پارەوە."
 
عەلی عەللاق بە گرنگییەوە باسی لەو هەنگاوە کرد و گوتی، "ئەوە بۆ بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتە و دەرهێنانی سیستمی داراییە لەهەر کردەوەیەکی گومانلێکراو وەکو سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر؛ ئەو پارەیە، پارەی عێراقە و هیچ کۆت و بەندێکی لەسەر نییە، بەڵکو کۆمەڵێک پێوەر هەن و داواکراون، تەنانەت بۆ دراوە ئەوروپییەکانیش."
 
عەلی عەللاق سەبارەت بە زۆریی داواکردنی دۆلار بە کاش کە یەکێکە لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دیناری عێراق، دەڵێت، "دەمانەوێت گوشاری سەر داواکردنی زۆری دۆلاری کاش کەمبکەینەوە؛ دەمانەوێت هاوردەکاران لە رێگەی حەواڵەی دروستی دەرەکییەوە ئەو کارە بکەن، بەڵام بەشێک لە بازرگانان ئەو رێگەیە ناگرنەبەر و گوشار دەخەنە سەر داواکردنی دۆلار بە کاش."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە