دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵایەکی 9 فەرمانبەر و مامۆستای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

24-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کۆببێتەوە، کە لەلایەن 9 مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، یەکێک لە سکاڵاکارەکان دەڵێت: "سەرجەم بەڵگەنامەکانمان داوەتە دادگە و دەمانەوێت دادگەکە بڕیار بدات پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە و پارەی ماوەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەش خەرجبکرێت." 
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، 26-11-2023، دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای 9 مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 
لە سکاڵاکەیاندا کە ژمارە 247ـی فیدراڵیی ساڵی 2023ـی هەیە، سکاڵاکاران داوایانکردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراوی فیدراڵی وەکو خۆی، بەتایبەت وەکو ئەوەی ئاماژەیان بۆ کردووە مادەکانی (6، 7، 8، 9)ـی یاساکە و ئەو بڕیار و رێنماییانەی لە حکومەتی کوردستانەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون هەڵبوەشێنێتەوە.
 
ئاوات ئازاد، یەکێکە لەو 9 مامۆستا و فەرمانبەرەی سکاڵایان تۆمارکردووە، رۆژی هەینی، 24-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سکاڵاکەمان لە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە لە ساڵی 2016ـەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگیراوە، کە جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و دادوەرەکان پلەبەرزکردنەوە بۆ هەموو فەرمانبەران بە ناڕەوا راگیراوە."
 
ئاوات ئازاد، گوتیشی: "ئێمە بەڵگەنامە و ژمارە و هەموو وردەکارییەکانمان داوەتە دادگەکە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە لەگەڵ پارێزەرەکەمان لە دادگەکە بین و ئومێد دەکەین بڕیاری دروستی لەوبارەیەوە بدات."
 
سکاڵاکە لەلایەن هەریەک لە ئەژی بەرزان عارف، محەممەد حوسێن کەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەممەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەممەد ساڵح، ئاوات ئازاد محەممەد، دڵشاد محەممەد ئەمین سەعید، سامان عەلی ساڵح و رێبوار باهر ئەحمەد. تۆمارکراوە، کە فەرمانبەر و مامۆستان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن، لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. مانگانە حکومەت بۆ پێدانی مووچەیان، زیاتر لە 900 ملیار دیناری پێویستە.
 
لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی بەڵێندەران و زیادکردنی باج و رسوومات.
 
دانیشتنی دادگەی فیدرالی بۆ پرسی راگرتنی پلەبەزرکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستان لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 10-9-2023، دادگەکە سکاڵایەکی رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێی تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە، کە داوای کردبوو دادگە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 56ـی ساڵی 2015ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بدات، کە بەپێی ئەو بڕیارە، سەرجەم پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە