رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی نزیکەی 6000 بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، زیاتر لە 1600 ئافرەت کێبڕکێ لەسەر 75 کورسی کۆتای ئافرەتان دەکەن.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەبێت 25٪ـی کورسییەکان بۆ ئافرەتان بن، بەو پێیە لە 275 کورسیی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق 75یان بۆ ئافرەتان تەرخانکراوە. بەغدا زۆرترین کورسیی بۆ ئافرەتان دەبێت، کە لە کۆی 49 کورسی 13یان بۆ ئافرەتان دەبن. سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، "یاسای هەڵبژاردن یارمەتیدەرە بۆ سەرکەوتنی ئافرەتان بۆ ئەوەی کورسیی بەدەستبهێنن."
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراقی بڵاوکردەوە کە بڕیارە رۆژی 18-12-2023، هەڵبژاردنییان بۆ بکرێت، بەپێی کۆمیسیۆن لەکۆی 15 پارێزگا لە 11 پارێزگایاندا چوار کورسی بۆ کۆتای ئافرەتان تەرخانکراوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، رۆژی هەینی بە رووداوی گوت، "بەپێی یاسای کۆمیسیۆن دەبێت 25٪ـی کورسی بۆ ئافرەتان دەبن، ئەوەش یارمەتیدەر و هاندەرێکە بۆ ئەوەی زیاتر بێنە پێشەوە."
بەپێی بڕگەی سێیەمی مادەی 9ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارە 12ـی ساڵی 2018، (هەمواری سێیەمی) دەبێت رێژەی کورسییەکانی ئافرەتان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق بەلایەنیکەمەوە 25٪ـی کۆی کورسییەکانی ئەو دوو ئەنجوومەنانە بێت، هەروەها دەبێت رەچاوی ئەوەش بکرێت لیستە پێشکێش کراوەکان هەمان رێژەیان تێدا بێت.
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارەی کورسییەکان بەپێی پارێزگاکان و دابەشبوونی کورسییەکان بەمشێوەیە دەبێت:
- بەغدا:
لە کۆی 49 کورسی، 13 کورسییان بۆ ئافرەتان دانراون.
- ئەنبار:
16 کورسی
4 کورسی بۆ ئافرەتان
- بەسرە:
22 کورسی
6 کورسی بۆ ئافرەتان
قادسییە:
14 کورسی
4 کورسی بۆ ئافرەتان
- موسەننا:
12 کورسی
3 کورسی بۆ ئافرەتان
نەجەف:
15 کورسی
4 کورسی بۆ ئافرەتان
- بابل:
18 کورسی
5 کورسی بۆ ئافرەتان
دیالە:
15 کورسی
4 کورسی بۆ ئافرەتان
زیقار:
18 کورسی
5 کورسی بۆ ئافرەتان
سەڵاحەدین:
15 کورسی
4 کورسی بۆ ئافرەتان
کەربەلا:
13 کورسی
4 کورسی بۆ ئافرەتان
کەرکووک:
15 کورسی
4 کورسی بۆ ئافرەتان
میسان:
13 کورسی
4 کورسی بۆ ئافرەتان
نەینەوا:
26 کورسی
7 کورسی بۆ ئافرەتان
واست:
14 کورسی
4 کورسی بۆ ئافرەتان
جگە لە کورسیی گشتی، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، هەروەها 10 کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی کریستیان و ئێزدی و شەبەک و سابیئەی مەندایی و فەیلی تەرخانکراون بەمشێوەیە:
- سێ کورسی بۆ پێکهاتەکانی کریستیان، سابیئەی مەندایی، فەیلی لە پارێزگای بەغدا.
- سێ کورسی بۆ پێکهاتەکانی کریستیان، ئێزدی، شەبەک لە پارێزگای نەینەوا.
- کورسییەک بۆ کریستیان لە پارێزگای بەسرە.
- کورسییەک بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست.
- کورسییەک بۆ سابیئەی مەندایی لە پارێزگای میسان.
- کورسییەک بۆ کریستیان لە پارێزگای کەرکووک.
خەیرییە کازم خەفاجی، بەربژێری هاوپەیمانی"ئەی عێراق مزگێنی بدە" لە پارێزگای بابل، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسی بۆ ئافرەتان بەڵگەیە لەسەر هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی، بەشداریکردنی ئافرەتان لە کایە و کاری سیاسیی دەنوێنێت و پێشوازی لێکراوە."
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە 18-12-2023 لە 15 پارێزگای عێراق، بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، 5 هەزار و 904 کەس خۆیان بەربژێر کردووە. کە 4 هەزار و 242 بەربژێریان لە رەگەزی نێرن، واتە 71.8٪ـی کۆی بەربژێران، هەروەها هەزار و 662شیان لە رەگەزی مێن، واتە 28.1٪ـی بەربژێران، بەو پێیە هەر کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگا زیاتر لە 20 بەربژێری بەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ