رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئاستی ئاوی بەنداو و رووبارەکان ئەم ساڵ ''باش'' بوون. دەشڵێت، ئاستی ئاوی رووباری دیجلە بەراورد بە پار سێ هێندە زیادی کردووە و، تورکیاش بەردانەوەی ئاوی زیاتر کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، تورهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "عێراق ئێستا لە قۆناخی کۆگاکردنی ئاودایە و ئەم پرۆسەیەش تاوەکو مانگی حوزەیرانی داهاتوو بەردەوام دەبێت."
تورهان موفتی گوتی، "بە لایەنی کەمەوە سێ مانگی دیکەمان لەپێشە بۆ پاشەکەوتکردنی ئاو، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەئاسان تێپەڕاندنی وەرزی هاوین."
بە گوتەی راوێژکارەکەی سوودانی، بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و باشووری تورکیا "زۆر باش" بووە. موفتی دەڵێت، بەشی باکووری حەوزی دیجلە و فورات کە دەکەوێتە باشووری تورکیا، بۆ عێراق ستراتیژییە، "چونکە ئەو ناوچانە بەنداوی لێ نییە و هەرچی باران و بەفری لێ ببارێت، راستەوخۆ دەبێتە پشکی عێراق و لەڕێگەی رووبارەکانەوە دەڕژێتە ناو خاکەکەیەوە."
سەبارەت بە ئاستی رووبارەکان، تورهان موفتی ئاماژەی بەوە کرد نزیکەی سێ هەفتەیە ئاستی ئاوی رووباری دیجلە و بەنداوی موسڵ لە دۆخێکی "زۆر باش"دایە، رووباری فوراتیش لە ئاستێکی "باش"دایە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی ئادار و نیساندا بەهۆی توانەوەی بەفرەکان، ئاوی فوراتیش بگاتە ئاستێکی "زۆر باش".
لەبارەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە، تورهان موفتی جەختی کردەوە، "ئێستا بەڕێژەی 100٪ ئاو لەلایەن تورکیاوە بەردەدرێتەوە، تێکەڵبوونی ئەم بەردانەوەیە لەگەڵ باران و بەفری ئەمساڵ، ئاوی رووباری دیجلەی بەراورد بە ساڵی رابردوو بۆ سێ هێندە زیاد کردووە."
بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق لە پلەی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، لە سێ ساڵی رابردوودا، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی عێراق بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی وڵاتەکەدا دابەزیبوو، ئەمەش بووە هۆی وشکبوونی بەشێکی زۆری زۆنگاوەکان و کۆچی بەکۆمەڵی گوندنشینان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ