ڤێتێرنەریی عێراق: دوای بەرنامەی 'لەگەڵ رەنج' هەڵمەتێکی چڕمان دەستپێکردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
دیمەنێکی بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" لەبارەی دەرمانە مەترسیدارەکە
دیمەنێکی بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" لەبارەی دەرمانە مەترسیدارەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بەرنامەکەی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی مەترسییەکانی پێدانی دەرمانی "فیوڕاڵ تادۆن" بە مریشک، لە عێراق هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینی چڕ بۆ دۆزینەوەی دەرمانەکە دەستیپێکردووە.
 
محەممەد عەزیز مەیاحی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای بەرنامەکەی لەگەڵ رەنج و دەنگدانەوەی میدیایی، هۆبەی پشکنینی ڤێتێرنەری لە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری، هەڵمەتێکی فراوانی گەڕان و پشکنینی چڕی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەستپێکردووە، بۆ دۆزینەوەی ئەو مادە مەترسیدارە قەدەخەکراوە."
 
هەڵمەتەکە سەرجەم نۆرینگە و شوێنەکانی ڤیتێرنەری دەگرێتەوە، ئەو بەرپرسەی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، "تاوەکو ئێستا ئەو مادەیە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام هەڵمەتەکانمان بەردەوامە و چاودێرییەکانیان لە جاران چڕتر کردووەتەوە."
 
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، "لە ئەگەری دۆزینەوە ئەو مادەیە، رێکاری تووندی یاسایی لە بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنەبەر کە تێوەگلاون."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "هەڵمەتەکە بۆ دڵنیابوونەوەیە کە هیچ دەرمانێکی قەدەخەکراو بەکارنابرێت و ئەو گۆشتەشی دەگاتە دەستی هاووڵاتییان بۆ خواردن شیاو و تەندروستە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و کۆنتڕۆڵکردنی فێڵی بازرگانییە لە بەکارهێنانی دەرمانی ڤێتێرنەریدا."
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکە دووپاتیکردەوە، "دەرمانەکە بۆ ئەوە دەدرێتە مریشک تاوەکو تووشی نەخۆشی نەبێت، بەڵام مەترسییەکی گەورەی هەیە و مرۆڤ تووشی نەخۆشیی مەترسیدار دەکات لە کاتی خواردنی گۆشت و هێلکەی ئەو مریشکانەی دەرمانەکەیان وەرگرتووە."
 
لە بەدواداچوونەکەی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی "لەگەڵ رەنج"ی رووداو، ئاشکرا بوو کە لە چەند پەلەوەرخانەیەکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەرمانی (فیوراڵ تادۆن) دۆزراوەتەوە، کە زیاتر لە 40 ساڵە لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە قەدەخەکراوە و بە هەر ئاژەڵ و پەلەوەرێک بدرێت، ئیدی نەخۆش ناکەوێت، بەڵام ئەو کەسەی گۆشت یان هێلکەیان دەخوات، مەترسییەکی زۆری تووشبوونی شێرپەنجەی لەسەرە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەریی عێراق گوتی، "تیمەکانمان و ئەو فەرمانبەرانەی لە بازاڕەکاندا کار دەکەن راسپاردووە، سبەینێش هەڵمەتێکی پشکنینی چڕ لە بازاڕەکاندا دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە راستی و دروستیی ئەم هەواڵە."
 
بەپێی بەدواداچوونی بەرنامەی لەگەڵ رەنج، فیوراڵ تادۆن، لەسەر ئاستی جیهان قەدەخەیە، خراوەتە نێو قوتوویەک کە لەسەری نووسراوە "سووپەر ماکس" و هێنراوەتە کوردستان و بە کوالیتی کۆنترۆڵدا تێپەڕیوە و پارەی پشکنینیشی دراوە.
 
بە گوتەی محەممەد مەیاحی، "ئەم مادەیە بە شێوەیەکی فەرمی رێگەی پێنادرێت بێتە ناوەوە، ئەگەر هەبێت دیارە بە رێگەی نایاسایی و نافەرمی هێندراوە، بۆیە سبەینێ هەڵمەتەکانمان چڕ دەکەینەوە تاوەکو لە بوونی ئەو مادەیە لە بازاڕەکاندا دڵنیا ببینەوە."
 
سەبارەت بە هاوردەکردنی ئەو دەرمانە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەریی عێراق گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ کۆمپانیایەک داواکاریی بۆ هێنانی ئەم مادەیە پێشکێش نەکردووە. ئەمە مادەیەکی کیمیایی دژە بەکتریایە و لە ئاستێکی زۆر سنوورداردا بەکاردەهێندرێت، بەڵام وەک هێنانی فەرمی یان مۆڵەتدان بە کۆمپانیاکان، هیچ داواکارییەک بۆ ئێمە نەهاتووە."
 
زیانەکانی 'فیوراڵ تادۆن'
 
- بەکارهێنانی بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر قەدەخەیە کە گۆشتی بخورێت
- زیان بە DNA دەگەیێنێت کە سەرەتایەکە بۆ شێرپەنجە
- دەرمانەکە پاشماوەی کیمیایی AMOZ لە جەستەی ئاژەڵەکەدا جێدەهێڵێت
- زیان بە بۆ ماوەیی خانەکانی لەش دەگەیێنێت
- هیچ ئاستێکی سەلامەتیی تێدا نییە و نابێ هیچ کاتێک و بەهیچ رێژەیەک بەکاربهێنرێت و رێژەکەی لە گۆشت، هێلکە و خۆراکدا دەبێ ٪0 بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانەی نەینەوا دەگۆڕدرێن کە چوار ساڵ زیاترە لە پۆستەکانیانن

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی ئەو بەڕێوەبەرانەی کە زیاتر لە چوار ساڵە لە پۆستەکانیاندان، هەروەها چاککردنەوە و قیرتاوکردنی رێگەی (شێخان – فایدە)ی پەسندکرد.