موسەننا تەمیمی پۆستی پارێزگاری دیالەی وەرگرتەوە

25-04-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ موسەننا تەمیمی، وەک پارێزگاری دیالە گەڕایەوە سەر پۆستەکەی و دەڵێت، کاری رۆژانەی پارێزگاکە رایی دەکات.
 
موسەننا تەمیمی، پارێزگاری دیالە براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بوو، بەهۆی سوێندخواردنی وەک ئەندامی ئەنجوومەن، رۆژی 28ی ئاداری 2024 بە فەرمانێکی کارگێڕیی دەستبەرداری پۆستەکەی بوو. کەریم عەلی ئاغا، جێگری لە شوێنەکەی راسپارد.
 
کەریم عەلی ئاغا کوردە و لە پشکی یەکێتیی نیشیمانیی کوردستانە. رۆژی پێنجشەممە، 25ی نیسانی 2024، ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ موسەننا تەمیمی گەڕایەوە و وەک پارێزگاری دیالە دەستبەکاربووەوە، تاوەکو پارێزگاری نوێی هەڵدەبژێردرێت.  
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن دەڵێت، گەڕانەوەی تەمیمی دوای ئەوە دێت پرسیاری لە ئەنجوومەنی دەوڵەت کردووە، کە ئایا هیچ رێگریەک هەیە لەوەی وەک ئەندامی براوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، وەک پارێزگار بەردەوامبێت بۆ راییکردنی کاری رۆژانە، ئەنجوومەنی دەوڵەت بە ئەرێنی وەڵامیان دایەوە، بۆیە ئەمڕۆ دەستبەکاربووەوە. 
 
موسەننا تەمیمی کە لە رێکخراوی بەدرە بە سەرۆکایەتی هادی عامری، چاوی لەوەیە جارێکی دیکە بکرێتەوە پارێزگار، ئەمڕۆ فەرمانی کارگێڕیی بۆ خۆی دەرکردووە، وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە تێیدا هاتووە، "لە 24ی نیسانی 2024 دەستی بە ئەرک کردووە، بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگای دیالە (وەک کاربەڕێکەری رۆژانە)، تاوەکو پارێزگاری نوێ لەلایەن ئەنجوومەنی نوێی پارێزگاکە هەڵدەبژێردرێت".
 
موسەننا تەمیمی بڕیاریداوە فەرمانی کارگێڕیی ژمارە 25/2748 لە 28ی ئاداری 2024 هەڵبوەشێنێتەوە کە لەوبارەوە لە نووسینگەکەی دەرچووبوو.   
 
رۆژی 23ی نیسانی 2024، کەریم خەسباک، سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت، وەڵامی نووسراویی ژمارە 588ی لە 26ی ئاداری 2024ی پارێزگاری دیالەی داوەتەوە، لەبارەی ئەوەی پارێزگار دوای سوێندخواردنی یاسایی و هەڵبژاردنی وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا دەتوانێت کاروباری رۆژانە رایی بکات تاوەکو ئەوکاتەی پارێزگاری نوێ هەڵدەبژێردرێت.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە 15 ئەندام پێکدێت، شیعە حەوت، سوننە حەوت و کورد یەک کورسیی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.  
 
کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و هەڵبژاردنی پارێزگار، پێویستی بە نۆ دەنگە، شیعەکان لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی پارێزگار ناکۆکن و ئێستا سوننەکانیش داوا ئەو پۆستە دەکەن. 
 
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا؛ بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى دیالە و کەرکووک یەکلایی بکرێنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە