رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى عێراقى بڕیاری دا گومرگی سەر هێلکەى هاوردەکراو بۆ 70% بەرزبکاتەوە، بڕیارەکە هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە بەو پێیەى "هاوردەکردنى قەدەخە کراوە".
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقدا دراوە، 50% گومرگى سەر هاوردەکردنى هێلکە زیاد بکرێت، ئەوە جگە لە زیادکردنێکى دیکەى گومرگ بە رێژەى 20% کە لە ساڵى 2023 ئەو ئەنجومەنە بڕیارى لەبارەوە داوە.
نرخى هەر کارتۆنێک هێلکە بە 35 هەزار خەمڵێندراوە، بەوپێیە گومرگى سەر یەک کارتۆن بەگوێرەى بڕیارە نوێیەکە، دەگاتە نزیکەى 24 هەزار و 500 دینار.
ئەو بڕیارە هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە. رزگار حەمەد خدر، راوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو گومرگە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدڕاڵى دەگرێتەوە، لەلاى ئێمە هاوردەکردنى هێلکە قەدەخە کراوە."
لە هەرێمى کوردستان ساڵانە زیاتر لە سێ ملیار و 800 ملیۆن هێلکەى خواردن بەرهەمدەهێندرێت، پێویستى نێوخۆیی نزیکەى یەک ملیار و 200 ملیۆن هێلکەیە، رزگار حەمەد خدر دەڵێت، "باشتر بوو عێراق لە جیاتی زیادکردنی گومرگ، سوود لە بەرهەمى هێلکەى هەرێمى کوردستان ببینن، کە لە پێویستى نێوخۆیی زیاترە."
بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیران دەبێت بەرهەمهێنەرانى نێوخۆیی هێلکە، رۆژى بەرهەمهێنان و بەسەرچوون بخەنە سەر هێلکەکانیان و لە ماوەى سێ مانگدا ئەو بڕیارە جێبەجێبکەن، رێگە نادرێت هیچ هێلکەیەک لەنێوان پارێزگاکاندا بگوازرێتەوە کە کاتی بەسەرچوونى بەسەرەوە نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ