رووداو دیجیتاڵ
پێشنوێژ و گوتاربێژی هەینی مزگەوتی گەورەی نەجەف، هۆشداری لە دەستوەردانی وڵاتانی دەرەوە لە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدات و دەڵێ، خەڵکی لە ململانێ سیاسییەکان و دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران ناڕازییە.
رۆژی هەینی، 24ی نیسانی 2026، سەدرەدین قەبانچی، پێشنوێژ و گوتاربێژی هەینی مزگەوتی گەورەی نەجەف لە کاتی پێشکێشکردنی گوتاری هەینی لە شاری نەجەف رایگەیاند: "دەستوەردانی راشکاوانە لە کاروباری عێراق لە رێگەی ناردنی نامەی رەتکردنەوە تایبەت بە هەندێک کەس، هەوڵێکی بێڕیزییە بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراو لەلایەن بیانییەکانەوە."
بە گوتەی سەدرەدین قەبانچی، دەبێت بڕیاری سیاسیی وڵات "تەنیا عێراقی بێت" و بە سەرکردەکانی عێراقی گوت: "رێگە مەدەن ویستی بیانی سەربەخۆیی سیاسییتان لێ زەوت بکات. ئێران لە رێگەی نێردراوەکەیەوە پێی راگەیاندووین کە دەست وەرنادەن و بڕیار لای خۆتانە، بەڵام ئەمریکا نامەی تووندی ناردووە و ناوی فڵان کەسی رەتکردووەتەوە، پاشان هەفتەیەک لەمەوبەر نامەیەکی دیکەی ناردووە و ناوی کەسێکی دیکەی رەتکردووەتەوە."
گوتاربێژەکەی نەجەف ئەو کارەی ئەمریکای بە "دەستوەردانی راستەوخۆ" و کارێکی "رەتکراوە" ناوبرد کە ئامانج لێی "ملکەچکردن"ی سەرۆکوەزیرانی داهاتووە بۆ بڕیارە دەرەکییەکان.
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بە زۆرینەی دەنگ وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاریکرا. سێ رۆژ دوای ئەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی مالیکی هۆشداری دا و رایگەیاند، ئەگەر ببێتەوە سەرۆکوەزیران، ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ عێراق دەوەستێنێت.
چاوەڕوان دەکرێ ئەمشەو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بۆ تاوتوێکردنی پرسی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران کۆببێتەوە و سبەیش لەبارەی هەمان پرس کۆدەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ