رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی ئاوی دیجلە و فورات پێکدەهێنێت، بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەکە رۆژانە 8.5 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی زێراب دەڕژێتە رووباری دیجلە و فوراتەوە.
لە کۆبوونەوەی 23ـی نیسانی پەرلەمانی عێراقدا، گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە کرا و لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی پیسبوونی ئاوی هەردوو رووبارى دیجلەو فورات پێکهێنرا.
غەیس رەعد، ئەندامی لیژنەکە لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکەدا گوتی: "رۆژانە 8.5 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی زێراب راستەوخۆ دەڕژێتە ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات. ئەوەش بابەتێکی زۆر مەترسیدارە؛ ئەوە جگە لە پاشماوەی شارە پیشەسازییەکان، کۆگاکانی نەوت و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە دەڕژێنە ئەو دوو رووبارە."
پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکان لە عێراق لە دیجلەوە دەستی پێکرد، ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی چەمی دیالە لە خوارووی بەغدا، بە جۆرێک رەنگی رووبارەکەی گۆڕی.
عومەر عەبدوللەتیف، ئەندامی روانگەی عێراقی سەوز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاستی پیسبوونی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات زۆرە؛ بەشێکی پەیوەندیی بە دابەزینی ئاستی ئاوەکەوە هەبووە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەشێکی دیکەشی تایبەتە بە رووباری دیجلە و ئەو چەمانەی تێی دەڕژێن."
بە گوتەی عومەر عەبدولەتیف، زۆرترین هۆکاری پیسبوونی ئاوی رووبارەکان تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆیە، کە تاوەکو بەرەو باشوور بڕوات ئاستی پیسبوونەکە زیاتر دەبێت و لە پارێزگای بەسرە لە بەرزترین ئاستدایە، لە پارێزگای واست-یش زۆرترین زیانی گەیاندووە، کە زیاتر لە دوو تۆن ماسی لەنێوچوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ