ئەندامێکى کوردى لیژنەى دارایی: تانە لە دەنگدان بە مادەکانى 13 و 14ی پشکى هەرێمى کوردستان دەدەین

25-05-2023
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکى کوردى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەندامە شیعەکانى لیژنەکە گۆڕانکارى دیکەیان پێشکێشکردووە لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان و تانە لە دەنگدانى لیژنەکە دەدەن بۆ دووبارەکردنەوەى. 
 
25ى ئایارى 2023 ، خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە کۆبوونەوە لێژنەى دارایی داوایان لەو ئەندامانە کردووە کە پێشنیازى گۆڕانکارییان لە مادەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کورستان پێشکێشکردووە، بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان بخەنە بەردەم سەرکردایەتى سیاسى حیزبەکانی خۆیان بۆ ئەوەى وەڵامیان بدەنەوە، بەڵام قایل نەبوون و مادەکانیان خستووەتە دەنگدانەوە، بۆیە ئەندامەکانى فراکسیۆنى پارتى لە لیژنەکە، کۆبوونەوەکەیان بایکۆت کردووە.
 
خەلیل دۆسکى گوتیشى: "رۆژی هەینی، واژۆ لەنێو ئەندامانى لیژنەکە کۆدەکەینەوە بۆ تانەدان لە دەنگدان بەو گۆڕانکارییانەى کە لە پشکى هەرێمى کوردستان کراوە، بۆ ئەوەى دەنگدانەکە بکرێتەوە کە پێوستى بە هەشت واژۆیە."
 
لەکۆى 23 ئەندامەکەى لیژنەى دارایی، چواریان سەر بە فراکسیۆنە کوردستانییەکانن، 10 ئەندامیان سەر بە چوارچێوەى هاوئاهەنگى و دوو ئەندامى دیکەیان سەربەخۆن و ئەندامەکانى دیکەى سوننەن.
 
ئەمشەو لیژنەى دارایی پەلەمانى عێراق مادەکانى 13 و 14ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی بەگۆڕانکارییەوە پەسندکرد کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان.
 
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گوتى: "ئەو ئەندامانەى پێشتر پێشنیازیان بۆ گۆڕانکارى لەو مادانەى پشکى هەرێمى کوردستان پێشکێش کردبوو، گۆڕانکارى دیکەشیان خستووەتەڕوو."
 
ئەو دوو مادانەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى، تایبەتن بە بڕ و چۆنییەتى فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان، هەڵگرتنى داهاتەکەى لە هەژمارى بانکى، وردینیکردن و دەسەڵاتى خەرجکردنى، دانەوەى قەرزەکانى سەر حکومەتى هەرێمى کوردستان، چۆنییەتى چارەسەکردنى ناکۆکى نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى دروستبوونى کێشە لەسەر جێبەجێنەکردنى پەیوەستبوونە داراییەکانى نێوانیان.
 
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق کە بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
 
18ى ئایارى 2023، 10 ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کە زۆرینەیان شیعە بوون، پێشنیازێکیان دایە لیژنەکەیان بۆ ئەوەى هەدروو مادەکانى 13 و 14 ى پڕۆژەیاسایى بودجەى گشتى هەموار بکەن، کە تایبەت بوون بە پشکى هەرێمى کوردستان و داوا دەکەن ئەگەر هەناردەى نەوت دەستپێنەکاتەوە، هەرێمى کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوت بکات و بەرپرسیارێتى پرۆسەى فرۆشتنى نەوت لە حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بگۆڕدرێت بۆ کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ).
 
دە ئەندامەکەی لیژنەی دارایی داواش دەکەن ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى ببەسترێتەوە بە جێبەجێکردنى دوو بڕگەى مادەى 13ى پڕۆژەیاساکە کە تایبەتن بە رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان و داهاتى نانەوتى، هاوکات داواکراوە ماوەى پرۆسەى پاکتاوکردنى ئەو پارانەى بانکى بازرگانى عێراق و بانکە حکومییەکانى دیکە کە لەسەر هەرێمى کوردستانن بە گوێرەى لێبڕینى مانگانە، بکرێتە پێنج ساڵ؛ لەکاتێکدا کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ماوەکە بە حەوت ساڵ دیاریکرابوو.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کرێکاری بەنگلادیشی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق: 750 هەزار کرێکاری بیانی لە وڵاتەکەمان بەبێ مۆڵەت کار دەکەن

سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق رایگەیاند، نەگەڕانەوەی 50 هەزار کرێکاری پاکستانی کە بەناوی سەردانی ئایینی هاتوونەتە عێراقەوە راستە. دەشڵێت، "بەشێکی زۆریان لە نەجەف و بەسرەن،" داوا لە مەرجەعیەتی شیعەش دەکات رۆڵیان هەبێت و لەخۆیان نەگرن