رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی جوڵانەوەی "بەسە" رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و پێشێلکردنی کارنامەی حکومەتەکەی، لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە. دەشڵێت: "لە سکاڵاکەماندا سەردەکەوین، چونکە ئەوەی کراوە پێشێلکردنی دەستوور و یاسا و کارنامە و دەنگدانی پەرلەمانیشە لەسەر ئەو کارنامەیە."
رۆژی سێشەممە، 25-7-2023، رەحیم دەڕاجی، سەرۆکی جوڵانەوەی "بەسە"، کە جوڵانەوەیەکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق پابەندی کارنامەی حکومەتەمەکەی نەبووە، کە پەرلەمانی دەنگی بۆ داوە و دەستووری پێشێلکردووە، چونکە دەبوو هاوشێوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقیش بکرێت، بەڵام دیاری نەکراوە."
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە رۆژی 20-6-2023 بڕیاری دا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی لە رۆژی 18-11-2023 بکرێت، بەڵام وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی دیاری نەکرد.
رەحیم دەڕاجی پێیوایە: "ئەوە پێچەوانەی بڕگەکانی 3 و 11ـی بەشی یاسادانانی کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانییە، چونکە دەبوو وادەی هەڵبژاردن دیاری بکات، بۆیە سکاڵامان تۆمار کرد، چونکە نە رێککەوتنی سیاسیی رێزی لێگیراوە، دەنگدانی پەرلەمان و یاسا و ئیرادە و دەستوور رێزیان لێ نەگیراوە."
رۆژی 27-3-2023، پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسندکرد. بەپێی هەمواری نوێی یاسای هەڵبژاردنەکان، سیستمی سانت لیگۆ بە یەک پۆینت حەوت دەگەڕێتەوە و هەر پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن و، هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەک یاسایان دەبێت.
دوای ناکۆکییەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021ـی پەرلەمانی عێراق، بەتایبەت کێشەکانی نێوان رەوتی سەدری و چوارچێوەی هاوهائەنگیی شیعەکان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق کە بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو بڕیاری دا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان بکرێت و لایەنەکانیش رەزامەندییان لەسەر دا وەکو دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو کێشە و ناکۆکییانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ