رووداو دیجیتاڵ
نەوت و گاز، لێبووردنی گشتی، قەدەخەکردنی سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان، و مادەی هۆشبەر دیارترینی ئەو رەشنووسە یاسایانەن کە لە وەرزی نوێی یاسادانان چاوەڕێی پەسندکردنن، ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەگەڵ ئەوانەدا ژمارەیەک رەشنووسی دیکە پەسند دەکرێن لەوانە رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەیە.
رۆژی سێشەممە، 25-7-2023، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی لەپێشترێتی ئەو رەشنووسی یاسایانەی کە لە وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمان ئامادە دەکرێن و دەخرێنە بەرنامەی کارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەیەک رەشنووسی یاسای گرنگ هەن لەبەردەست لیژنەکەمانن و ئامادەدەکرێن، جگە لە ژمارەیەک رەشنووسی یاسای دیکە کە لەلایەن لیژنەکانەوە سەرقاڵی ئامادەکردنیانن."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "پڕۆژەیاسای قەدەخەکردنی سووکایەتی بە پیرۆزییەکان شتێکی لەوبارەیەوە هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێمە لە لیژنەی یاسایی هیچ گفتوگۆیەکمان لەبارەوە نەکردووە، پێشبینی دەکەم هەفتەی داهاتوو کە دانیشتنەکانی پەرلەمان و لیژنەکان دەستپێدەکاتەوە، باس بکرێت."
لەبارەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەش دەڵێت: "خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ رەشنووسی یاساکە کراوە، لە پەرلەمان واژۆمان بۆ کۆکردەوە بۆ ئەوەی بخرێتە کارنامەی دانیشتنەکانەوە بۆ ئەوەی دەنگدانی بۆ بکرێت، محەممەد حەلبووسی بەڵێنی داوە بیخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانەوە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت لە رۆژانی داهاتوو ئەو بابەتە بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنێکەوە."
سەبارەت بە هەڵوێستی فراکیسۆنەکانی دیکە لەبارەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، سێکانیانی گوتی: "لایەنەکانی دیکە ناڵێن لارییان لە بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە هەیە، بەڵام هەندێکیان دەیانەوێت داوای بەپارێزگاکردنی هەندێک ناوچەی دیکەش بخرێتە کارنامەوە و لانیکەم بڵێن کاتێک ئەوە دەکەن بۆ هەڵەبجە شوێنی دیکەش بکرێت بە پارێزگا، هەرچەند بەگشتی لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کۆدەنگییەکی باش هەیە."
عەلی جۆرانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "رەشنووسی یاسای نەوت و گازیش لەم خولە و لە ئەمساڵدا پەسند دەکرێت، کاری باشی تێدا کراوە و چاوەڕوانی دوایین دەستکارییەکانی حکومەت دەکەین لەسەری."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە یاساکانی لێبووردنی گشتی، قەدەخەکردنی سووکایەتی بە پیرۆزییەکان، مادەی هۆشبەر، لەگەڵ یاسای دیکە لەم وەرزەی یاسادانان لە گرنگترینەکانن.
بەپێی مادەی 22ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمان دوو خولی گرێدانی ساڵانەی هەیە، کە هەشت مانگە، یەکێکیان لە یەکی ئادارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 30ـی حوزەیران، دووەمیشیان لە یەکی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات، تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ