تەیف سامی لەبارەی خانەنشینی نووسراوێک ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکات

25-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی دەستەی گشتیی خانەنشینیی عێراق ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە خانەنشینبوونی دادوەران و داواکارانی گشتی و دەڵێت، دەتوانن بەگوێرەی یاسای خۆیان خانەنشینیان بکەن.
 
ئەو نووسراوەی تەیف سامی لە 24ـی تەممووزی 2025 ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە کە تایبەتە بە پرسی خانەنشینیی دادوەران و داواکارانی گشتی لە هەرێمی کوردستان.
 
نووسراوەکە شرۆڤەیەکی کاروباری یاساییە لە دەستەی گشتیی خانەنشینیی عێراق و بە واژۆی تەیف سامی ئاراستە کراوە. شرۆڤە یاساییەکە تایبەتە بە خانەنشینکردنی دادوەر و داواکارانی گشتی لە هەرێمی کوردستان.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، بەگوێرەی یاسای یەکگرتووی خانەنشینیی عێراق کە لە ساڵی 2014 دەرکراوە، سەرجەم ئەو دەقە یاساییانەی دیکە هەڵدەوەشێننەوە کە تایبەتن بە تەمەنی یاسایی خانەنشینبوونی فەرمانبەران، بەڵام یاساکانی تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەری لێی بەدەر کراوە. بەوپێیە و بەگوێرەی نووسراوەکە، دادوەر و داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان لەڕووی تەمەنی یاساییەوە، بەگوێرەی مادەی 46ـی یاسای دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان خانەنشین دەکرێن.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر داوای شرۆڤەی یاساییان لە دەستەی گشتیی خانەنشینیی عێراق کردووە لەبارەی تەمەنی خانەنشینیی دادوەر و داواکاری گشتییەوە، چونکە بەپێی یاسای دادوەری لە عێراق تەمەنی خانەنشینیی دادوەر و داواکاری گشتی بە 63 ساڵ دیاریکراوە، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان 65 ساڵ بۆ خانەنشینییان دیاریکراوە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی یاساکەی عێراقەوە چەند داواکارێکی گشتی لە تەمەنی 63 ساڵیدا و بەگوێرەی یاساکەی عێراق خانەنشینکراون، بەڵام ئەو نووسراوەی تەیف سامی وادەکات تەمەنی خانەنشینیی دادوەر و داواکارانی گشتی وەک خۆی لە 65 ساڵیدا بمێنێتەوە.
 
ساڵی 2024 لە هەرێمی کوردستان یاسای یەکگرتووی خانەنشینیی عێراق بۆ خانەنشینکردنی فەرمانبەران جێبەجێ کرا، بەڵام ئەم بڕیارە دادوەر و داواکارانی گشتی ناگرێتەوە، بەوپێیەی یاسای تایبەت بەخۆیان هەیە.
 
لە نووسراوەکەی تەیف سامیدا هاتووە، ئەوەی پەیوەندیدارە بە هەژمارکردنی مووچەی خانەنشینیی دادوەر و داواکاری گشتی، پشت بە یاسای یەکگرتووی خانەنشینی دەبەسترێت، کە دەبێتە 80%ـی کۆی مووچە و دەرماڵەکانیان، بە مەرجێک دەرماڵەکانیان لە 150%ـی مووچەی بنەڕەتییان زیاتر نەبێت. بۆ ئەمەش دەبێت ئەو مەرجانەی خوارەوەیان تێدا بێت، بۆ ئەوەی بە 80%ـی کۆی مووچە و دەرماڵەکانیان خانەنشین بکرێن:
 
یەکەم: ئەگەر بەهۆی تەواوکردنی تەمەنی یاساییەوە خانەنشین کرابێت.
 
دووەم: ئەگەر بەهۆی هۆکاری تەندروستییەوە خانەنشین کرابێت کە ببێتە هۆی بێتوانایی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، بەپێی راپۆرتی لیژنەی پزیشکی.
 
سێیەم: ئەگەر لە کاتی خزمەتدا کۆچی دواییکرد، ماوەی خزمەت و تەمەنى هەرچەندێک بێت.
 
چوارەم: ئەگەر لەسەر داوای خۆی خانەنشین کرابێت و خزمەتی لە بواری دادوەری یان داواکاریی گشتیدا لە (30) ساڵ کەمتر نەبێت.
 
267 دادوەر لە دەسەڵاتى داوەرى هەرێمى کوردستان هەن کە 96یان ژنن، هەروەها 2322 فەرمانبەر لەو دەسەڵاتە کار دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە