رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 13 ساڵ، رێککەوتنێک لەسەر دەریاوانى لە دەرچەیەکى ئاویى 60 بە 40 کیلۆمەترى نێوان عێراق و کوێت کەوتەوە بەرباس. پەرلەمانتارێک دەڵێ، پەرلەمان دەتوانێت داوای هەمواری رێککەوتنەکە بکات و حکومەتیش دەتوانێت لێی بکشێتەوە. سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی کوێت رایگەیاند، "ئەو کەسانەی لە عێراق لەپشت هاندانی خەڵکەوەن بۆ گەرمکردنەوەی پرسی خۆر عەبدوڵڵا، مەبەستی کەسی و سیاسییان هەیە، هەرجارەو بە جۆرێک پرسەکە دەوروژێنن."
خۆرعەبدوڵڵا، کەناڵ و رێڕەوێکى ئاوییە لەنێوان عێراق و کوێت، درێژییەکەى 60 کیلۆمەتر و پانییەکەى 40 کیلۆمەترە، بەندەرى ئوم قەسرى شارى بەسرە لەسەر ئەو کەناڵەیە کە نزیکەى 90%ى نەوتى عێراقى لێوە هەناردە دەکرێت.
رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا لەنێوان عێراق و کوێت لە تشرینی دووەمی 2013 نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق واژۆی لەسەر کرد؛ دواتر لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەردرا و کرایە یاسای ژمارەی 42ی 2013.
ئەو هەنگاوە مشتومڕ و ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە و نووری مالیکی بەوە تۆمەتبارکرا کە سازشی لەسەر خۆرعەبدوڵڵا کردووە.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە 4ى ئەیلوولى 2023 لەسەر بنەماى سکاڵاى ژمارەیەک پەرلەمانتار لە بڕیارێکى پێشووی پاشگەز بووەوە و بڕیاری دا رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا بە نادەستووری بناسێنێت، سەرەڕای ئەوەى دادگەکە لە 18ى کانوونى دووەمى 2014 رایگەیاندبوو، رێککەوتنامەکە پێشێلى دەستووری تێدا نییە.
پاساوى دادگەى فیدراڵى بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو رێککەوتننامەیە ئەوە بوو کە بە یاساى پەیماننامەکانى ساڵى 1979 واژۆکراوە، لە کاتێکدا ئەو دەستوورەى لە 2005 پەسندکراوە لەگەڵ رێککەوتننامەکە یەک ناگرێتەوە و لەبرى یاساکە پشت بە دەستوور دەبەسترێت.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق پرسەکە بە یاسایی و دەستووری ناودەبات و حکومەتی کوێتیش لەبارەی دەنگە ناڕازییەکانەوە دەڵێت، تەنیا هەڵوێست و بڕیاری حکومەتی عێراقیان بەلاوە گرنگە.
ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش ئاماژە بەوە دەکات، "بابەتەکە بەلای عێراقەوە زۆر هەستیار و ستراتیژییە."
ئەمڕۆش لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، هەروەها لە بەسرە لەلایەن کۆمەڵێک هاووڵاتییەوە خۆپێشاندان کرا و رێککەوتننامەکەیان رەتکردەوە.
خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەتی عێراق کرد بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات و لە رێککەوتننامەکە بکشێتەوە.
ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق: رێککەوتنەکە یاساییە
رۆژی 23ـی ئەم مانگە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بابەتێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە، رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی کوێتی لەسەر خۆر عەبدوڵڵا بە یاسایی و دەستووری دانا.
کوێت: هەڵوێستی فەرمی حکومەتی عێراق گرنگە
سەرچاوەیەک لە حکومەتی کوێت، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسانەی لە پشت هاندانی خەڵکەوەن بۆ گەرمکردنەوەی پرسی خور عەبدوڵڵا، مەبەستی کەسی و سیاسییان هەیە کە هەرجارە و بەجۆرێک پرسەکە دەوروژێنن."
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، گوتیشی: "لەو پرسەدا تەنیا هەڵوێستی فەرمی حکومەتی عێراق بە هەند وەردەگرین."
پەرلەمانتارێک: حکومەت دەتوانێ لە رێککەوتنەکە بکشێتەوە
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پەرلەمانی عێراق دەتوانێ داوای هەمواری رێککەوتنەکە بکات و حکومەتیش دەتوانێت لێی بکشێتەوە، بەتایبەتی کە بڕیاری دادگەی فیدراڵی هەیە و ئەمە دەرچەیەک بە حکومەت دەدات کە بە کوێتییەکان بڵێت ئێمە ئەم رێککەوتنە قبووڵ ناکەین."
موسەننا ئەمین گوتی: "حکومەتی عێراق دەتوانێت دانوستاندن بکات بۆ رێککەوتنی نوێ، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوولای تێدا پارێزراو بێت. ئەگەر ئەوە نەکات، ئەوکات بەرپرسیار دەبێت لە لەدەستدانی ئەو مافانەی عێراق."
موسەننا ئەمین گوتی: "ئەم بابەتە بەلای عێراقەوە زۆر هەستیار و ستراتیژییە. پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان پشت بە بەندەری گەورەی فاو دەبەستێت، ئەویش لە رێگەی خۆر عەبدوڵڵاوە دەستپێدەکات."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "رێگەی گەشەپێدان بەراورد بە رێگەکانی دیکەی وەک نۆکەندی سوێس و جەبەل تارق، دەتوانێت بازرگانیی نێودەوڵەتی بۆ 10 رۆژ کورت بکاتەوە، بەمەش کاتێکی زۆر بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی دەگەڕێنێتەوە. ئەمەش وادەکات عێراق ببێتە یەکێک لە هەرە گەورەترین سەرچاوە و رێڕەوەکانی بازرگانیی نێودەوڵەتی."
رێککەوتننامەکە لە نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمارکراوە
رێککەوتننامەی خۆر عەبدوڵڵا لە نەتەوەیەکگرتووەکان پەسند کراوە و کۆپییەکیشی رادەستی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO) کراوە.
ئەندامەکەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد کە "عێراق لە بەرژەوەندیدایە، هەر رێککەوتننامەیەک ببێتە رێگر لەبەردەم پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدەان هەڵیوەشێنێتەوە. ئەم رێککەوتننامەیە لە نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمارکراوە، بەڵام مەرج نییە بەو واتایە بێ کە هەرگیز هەڵناوەشێندرێتەوە."
هەر رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی، ئەگەر یەکێک لە لایەنی رێککەوتنەکە بیەوێت هەڵیوەشێنێتەوە، دەبێت چەند خاڵێک هەیە بیسەلمێنێت، ئەوانیش:
- بەڵگەی هەبێت کە رێککەوتنەکە لەسەر بنەما و نەخشە و زانیاری هەڵە کراوە.
- بیسەلمێنێت کە لیژنە دانوستاندنکارەکەی گاڵتەجاڕییان پێکراوە یان بەرتیلیان دراوەتێ.
- بیسەلمێنێت کاتی رێککەوتنەکە لەژێر هەڕەشەدا بوون.
- بیسەلمێنێت کاتی رێککەوتنەکە دۆخێکی نێودەوڵەتیی تایبەت هەبووە.
- بیسەلمێنێت کە رێککەوتنەکە زیان بە سەروەری و یەکێتیی خاکەکەی دەگەیێنێت.
- بیسەلمێنێت رێککەوتنەکە پێچەوانەیە لەگەڵ بنەما جێگیرەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەبارەی پارێزگاری و رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان.
جگە لە پرسی خور عەبدوڵڵا، پرسی سنوورە وشکانییەکانی کوێت و عێراق مشتومڕی لەسەرە، لە کاتێکدا لە 27ی ئایاری ساڵی 1993 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە دەنگدانی هەر 15 وڵاتی ئەنجوومەنەکە بە "بەڵێ" بڕیارنامەی ژمارە 833ـی دەرکرد کە تێیدا سنووری نێوان عێراق و کوێتی دیاریکرد و هەردوولا پابەندکران بە پاراستنی سەروەری خاکی یەکدی.
لە 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1994 ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئەو کاتی عێراق کۆبووەوە و بڕیاردرا بە پابەندبوون بە بڕیاری ژمارە 833ـی ساڵی 1993ـی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق دانی بە سنووری نێودەوڵەتیی نێوان عێراق و کوێت نا. هەمان رۆژ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بڕیاری ژمارە 200ـی دەرکرد و دانی نا بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئەو کاتی عێراقدا.
یەکێک لە نووسەرەکانی دەستوور: خۆر عەبدوڵڵا عێراقییە
د. وائیل عەبدولـلەتیف، پارێزگاری پێشووتری بەسرە، دادوەر و یەکێک لە نووسەرەکانی دەستووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خۆر عەبدوڵڵا عێراقییە. کوێت دوای ئەوەی دەستڕۆیشتوویی خۆی لەسەر زەوی لەسەر خاکی عێراق تەواوکرد، دوای ئەوە دەستیکرد بە دەستبەسەرداگرتنی سنوورە ئاوییەکان."
د. وائیل گوتی، "کوێت دەستی گرتووە بەسەر بنکەی ئوم قەسری دەریایی و سەفوان، دەیەوێت بەرە بەرە دەست بۆ بەندەری فاویش ببات."
لەبارەی گوتارەکەی فایەق زێدان، د. وائیل عەبدولـلەتیف رایگەیاند، "قسەکانی فایەق زێدان بڕیارێک نەبوو لە ئەنجوومەنی دادوەرییەوە، بەڵکو تەنیا روونکردنەوە و شیکردنەوەی رێککەوتنەکە و بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بوو، بەڵام بەداخەوە هەندێک ئازاربەخش بوو، بۆیە خەڵکی هێنایە سەر شەقام."
بە گوتەی ئەو دادوەرە، "وا بڕیارە یەکشەممە، خۆپێشاندانێکی گەورە لەبەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بکرێت، سبەینێش لە بەسرە خۆپێشاندان و کۆنفرانس دەکرێت لەسەر ئەو پرسە؛ رەنگە لە پارێزگاکانی دیکەشدا خۆپێشاندانی گەورە بکرێت."
3 بڕگەی بڕیارەکەی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شۆڕش بریتی بوون لە:
1- حکومەتی عێراق دان بە سەروەریی دەوڵەتی کوێت و دروستیی هەرێمی و سەربەخۆیی سیاسییدا دەنێت.
2- بە ملکەچبوون بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 833ـی ساڵی 1993، عێراق دان بە سنووری نێودەوڵەتیی نێوان عێراق و کوێت دەنێت وەک ئەوەی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان هەردوو وڵات، بەپێی بڕگەی 3ـی بڕیاری 687ـی ساڵی 1991 پێکهێندراوە، دیاریکردووە، رێز لە سنوورەکان دەگیرێت.
3- ئەم بڕیارە لە 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1994ـەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە.
رۆژی 14ـی تەمموزی ئەم ساڵ دامەزراوەی پیترۆڵی کوێت دۆزینەوەی کێڵگەی نەوتیی نوخیزەی لە نزیک سنووری ئاوی عێراق راگەیاند.
کێڵگەی نەوتیی دوڕەش لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1967 دۆزرایەوە. کێڵگەکە دەکەوێتە سنووری ئاویی نێوان کوێت و سعودیە و 21ـی 3ـی ساڵی 2022 هەردوو وڵات رێککەوتنێکیان بۆ پەرەپێدانی واژۆکرد. بەڵام عێراق داوای پشکی خۆی لەو کێڵگەیە دەکات و کوێتیش داواکەی رەت دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ