رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، بە بڕیارێک سەرایا سەلام، باڵی سەربازیی رەوتەکەی سڕکرد و بارەگاکانی لە بەسرە و کوت بۆ 6 مانگ داخست.
بەگوێرەی پەیامێک کە ئاراستەی تەحسین حەمیداوی، بەرپرسی گشتیی سەرایا سەلام کراوە، موقتەدا سەدر فەرمانی بە "سڕکردنی سەرایا و داخستنی بارەگاکانی لە هەردوو پارێزگای بەسرە و کوت (واست) بۆ 6 مانگ" کردووە.
سەدر لە پەیامەکەیدا هۆکاری بڕیارەکەی روونکردووەتەوە و دەڵێت: "تاوەکو ئەو کاتەی چارەسەرێک بۆ ئەو پێشێلکاری و بێڕێزییە بەردەوامانە دەدۆزرێتەوە کە زیان بە ناوبانگی موجاهیدانی سەرایا سەلام دەگەیێنێت، تەنانەت ئەگەر لەلایەن لایەنی سێیەمیشەوە بێت".
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە پەیامێکی تووندی ئاراستەی لایەنگرانی کرد و نووسیویەتی: "ناوبانگیان لەلای من گرنگترە لە بوونیان".
لە کۆتایی پەیامەکەدا، موقتەدا سەدر سڵاوی بۆ ئەو چەکدارانە ناردووە کە "پابەند و تێگەیشتوون" لەو هەوڵانەی بۆ دروستکردنی فیتنە و ناشیرینکردنیان لەلایەن گەندەڵکارانەوە دەدرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ