وردەکاریی هێرشکردنە سەر بەرپرسێکی شارەوانیی بەسرە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا دەرکەوت ژمارەیەک چەکداری سەرایا سەلام باڵی چەکداری سەر بە موقتەدا سەدر بەهۆی رووخاندنی خانوویەکی زێدەڕۆوە هێرش دەکەنە سەر بەرپرسێکی شارەوانیی بەسرە، موقتەدا سەدر، بڕیاری سڕکردنی چالاکییەکانی ئەو گرووپەی لە پارێزگاکانی بەسرە و واست دەرکرد. جێگری پارێزگاری بەسرەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر رووداوەکە پارێزگار راستەوخۆ پەیوەندیی بە سەدرەوە کردووە."
 
سەدر: ناوبانگیان لە بوونیان گرنگترە
 
شەوی رابردوو، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە پەیامێکی تووند دا کە ئاراستەی تەحسین حەمیداوی، بەرپرسی گشتیی سەرایا سەلامی کردبوو، فەرمانی بە "سڕکردنی سەرایا و داخستنی بارەگاکانی لە هەردوو پارێزگای بەسرە و کوت (واست) بۆ ماوەی 6 مانگ" کرد.
 
سەدر، هۆکاری بڕیارەکەی بۆ بوونی "پێشێلکاری و بێڕێزیی بەردەوام" گەڕاندەوە کە زیان بە ناوبانگی گرووپەکە دەگەیێنن و نووسیویەتی، "تاوەکو ئەو کاتەی چارەسەرێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دەدۆزرێتەوە، تەنانەت ئەگەر لەلایەن لایەنی سێیەمیشەوە بێت، دەبێت چالاکییەکانیان سڕ بکرێن. ناوبانگیان لەلای من لە بوونیان گرنگترە."
 
هێرشەکە چی بوو؟
 
بڕیارەکەی سەدر، دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی هات کە تێیدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک چەکداری سەرایا سەلام لە ناوچەی مەعقەل لە بەسرە، دەوری ئەسیر عوبەیدی، لێپرسراوی هۆبەی زێدەڕۆییەکانی مەعقەل-یان لە شارەوانیی بەسرە گرتووە و دواتر لێی دەدەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری هێرشەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فەرمانبەرەکە ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و خانوویەکی رووخاندووە کە بەشێوەی "زێدەڕۆ" لەسەر زەوییەکی سەوزایی شارەوانی دروست کرابوو. ئەو خانووە هی کەسێک بووە بەناوی "شێخ قوسەی" کە یەکێکە لە بەرپرسانی سەرایا سەلام، خوێندکاری حەوزەی زانستی و وتارخوێنی هەینییە. لەکاتی لێدانی فەرمانبەرەکە، چەکدارەکان پێی دەڵێن، "ئەم تێهەڵدانە بۆ تۆ و بۆ هەمووانە."
 
فەرمانبەرەکە چی دەڵێت؟
 
ئەسیر عوبەیدی، ئەو فەرمانبەرەی هێرشی کرایە سەر، لە تۆمارێکی دەنگیدا وردەکاریی رووداوەکەی گێڕایەوە و رایگەیاند، رۆژی 14-12-2024 لە چوارچێوەی هەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆیی لە بازاڕی خەمسە میل و کردنەوەی شەقامەکان، سکاڵایەکیان لەسەر خانوویەک پێ گەیشتووە کە بە زێدەڕۆ دروست کراوە و بۆ فرۆشتن دانراوە.
 
عوبەیدی، گوتی، "خانووەکە لە 14-6-2025 ئاگادارکردنەوەی بۆ چووە و هێمای سووری لێ دراوە. کاتێک بۆ پشکنین چووین، شوێنەکە چۆڵ بوو و دەرگاکەی داخرابوو، بۆیە بە ئاگاداریی هەمووان رووخێنرا."
 
بە گوتەی عوبەیدی، دوای گەڕانەوەی بۆ فەرمانگە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاهۆ هەڕەشەی لێکردووە کە نابێت دەوام بکات و دەبێت خانووەکە دروست بکاتەوە. دواتر لە کاژێر 5:30ـی ئێوارە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (Ram)ـی رەنگ پرتەقاڵی چوونەتە بەر دەرگای ماڵەکەی و پرسیاریان لەبارەی رووخاندنی خانووەکە کردووە.
 
عوبەیدی، ئاماژەی بەوەش کرد، "کاژێر 11:45ـی شەو، هەمان ئۆتۆمبێل کە 6 کەسی تێدابوو گەڕانەوە و هەڵیانکوتایە سەر ماڵمان، هەڕەشەیان لە دایک و باوک و خێزانەکەم کرد و سووکایەتییان پێ کردین، لەکاتێکدا من تەنیا یاسا و فەرمانی سەرووی خۆمم جێبەجێ کردووە."
 
حکومەتی خۆجێیی بەسرە چی دەڵێت؟
 
لەسەر ئەم دۆسیەیە، ماهر عامری، جێگری پارێزگاری بەسرە بۆ کاروباری کارگێڕی، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 18-12-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر هێرشکردنە سەر بەرپرسەکەی شارەوانی، شەوی رابردوو ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە، راستەوخۆ پەیوەندیی بە موقتەدا سەدرەوە کردووە. ستایشی هەڵوێستەکەی دەکەین."
 
عامری، گوتیشی، "رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و ئەو کەسانە ناسراونەتەوە کە خەڵکی شارەکەن، ئەمڕۆش سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکرێت."
 
سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەسیر عوبەیدی لەسەر ئەم رووداوە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، جێگری پارێزگاری بەسرە رەتیکردەوە و گوتی، "دوورخستنەوەی پەیوەندیی بە بابەتێکی دیکەوە هەیە؛ پۆستەکەی زۆر بەرز نییە و بەرپرسی فەرمانگەکە مافی خۆیەتی گۆڕانکاریی تێدا بکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە