رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نووسراوێکى سەندیکاى دەرمانسازانى عێراق، کە لە 20ـی ئابى 2023، ئاراستەی سەرجەم دەرمانخانەکانى عێراقى کردووە، داوا دەکات بەبێ رەچەتەى پزیشک جۆرێک لە قەترەى چاو نەدەنە چارەخوازان، چونکە هەندێک کەس وەکو مادەی هۆشبەر مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
ئەو قەترەیە کە ناوی "Tropicamide"ـە، بەگوێرەی نووسراوەکە بازرگانانى مادەى هۆشبەر تێکەڵ بە توتنى نێرگەلەی دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆى زیانگەیاندان بە گەنجان و چەندین مەترسی تەندروستى هەیە لەوانە؛ ئالودەبوون، سستبوونى گورچیلە، نەخۆشى جگەر، دابەزینى کێش و نەخۆشییەکانى دڵ.
سەندیکاکە داوا دەکات، بەبێ رەچەتەی پزیشکی پسپۆڕی چاو، قەترەکە نەدرێتە کەس. دەبێت واژۆی پزیشکەکەش لەسەر رەچەتەکە بێت.
رۆژی 25ى ئابى 2023، د. مستەفا هیتى، نەقیبى سەندیکاى دەرمانسازانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو بڕیارەیان بۆ دەرمانخانەکان بۆ رێگرى لە پێدانى ئەو جۆرە قەترەیە بە هاووڵاتییان بەبێ رەچەتە، لەسەر بنەماى رێنوێنی و داواکارى وەزارەتى تەندروستیی عێراق بووە.
د. مستەفا هیتى گوتى: "بەگوێرەى بڕیارەکە، بەکارهێنانى ئەو جۆرە قەترەیە بەبێ رەچەتەى پزیشک نایاساییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ