10 بەربژێری کریستیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە و جێگرەوەیان نابێت

25-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

10 بەربژێری کۆتای کریستیانەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە و ناتوانرێت جێگرەوەیان بۆ دابنرێت. کۆی گشتیی ئەو بەربژێرانەشی دوورخراونەتەوە یان گۆڕدراون، گەیشتووەتە 627 بەربژێر.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی دووشەممە 25-08-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "10 بەربژێری کۆتای کریستیانەکان دوورخراونەتەوە و ناتوانرێت وەک بەربژێرە دوورخراوەکانی لیستەکانى دیکە جێگەیان بە بەربژێری دیکە پڕ بکرێتەوە، بەڵام ناویان لەسەر کاخەزی دەنگدان دەمێنێتەوە."
 
9 کورسی بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمان هەیە، کە بۆ هەڵبژاردن بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە رکابەریی لەسەر دەکەن، کریستیانەکان 5 کورسیی کۆتایان لە بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دهۆک و هەولێر هەیە.
 
عیماد جەمیل گوتی، "بەر لە وردبینی و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەربژێران، 76 بەربژێری تاک هەبوون، 23ـیان سەربەخۆ و 53 بەربژێرەکەی دیکە تایبەت بوون بە پێکهاتەکان."
 
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تاوەکو 24ـی ئابی 2025، ژمارەی ئەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە یان گۆڕدراون گەیشتووەتە 627 کەس، کە 163ـیان داوای گۆڕینیان کراوە.
 
رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025 وەک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکراوە، کە تێیدا هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە