رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەم ساڵ 2663 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزادراون. راشیگەیاند، هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە "ئاستێکی زۆر باڵا" دایە و پێکەوە دەستیان بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی مادەی هۆشبەردا گرتووە.
عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 25-08-2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی کرد، وردەکارییەکانی خستەڕوو.
"16 ئۆپەراسیۆنی جۆرییمان لە دەرەوەی سنوور کردووە"
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، گورزی کوشندەیان لە بازرگانە گەورەکانی مادەی هۆشبەر داوە و چەندین تۆڕی گەورەیان هەڵوەشاندووەتەوە. گوتیشی: "16 ئۆپەراسیۆنی جۆرییمان لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق بە سەرکەوتوویی کردووە و نزیکەی 30 داواکراومان لە دەرەوەی وڵات گەڕاندووەتەوە."
"سنووری 610 کیلۆمەتریمان لەگەڵ سووریا تووندوتۆڵ کردووە"
عێراق هاوسنوورە لەگەڵ 6 وڵات. عەقید عەباس بەهادلی رایگەیاند: "عێراق وەک ساڵی 2023 نییە" و سنوورەکان تووندوتۆڵکراون، بەتایبەتی سنووری 610 کیلۆمەتری لەگەڵ سووریا کە بە "چوار بازنە و سێ هێڵی بەرگری" کۆنترۆڵ کراوە. روونیشیکردەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریا، ئۆپەراسیۆنێکیان لەنێو خاکی ئەو وڵاتەدا کردووە و دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکی مادەی هۆشبەردا گرتووە.
دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە سێ تۆن کەپتاگۆن
بە گوتەی بەهادلی، زۆرترین ئەو مادانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە "کەپتاگۆن و کریستاڵ". لەم ساڵدا دەست بەسەر ئەم مادانەدا گیراوە:
کەپتاگۆن: سێ تۆن و 350 کیلۆگرام
مۆرفین: 2890 شووشە
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوەش کرد، لە عێراق 16 ناوەندی چارەسەر و شیاندنەوە بۆ ئاڵوودەبووان کراونەتەوە، بەمەبەستی تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە.
"هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی راستەقینەیە"
عەقید عەباس بەهادلی ستایشی ئاستی هاوئاهەنگییەکانی نێوان بەغدا و هەولێری کرد و رایگەیاند: "هەروەک چۆن هاوئاهەنگیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستانیش هاوئاهەنگیمان لە ئاستێکی زۆر باڵادایە. کۆبوونەوەی چڕ و ئاڵوگۆڕی بەردەوامی زانیاریی هەواڵگری لەنێوانماندا هەیە."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ، هەرێمی کوردستانی بە "هاوبەشی راستەقینە" لە پرۆسەی ئاسایشدا ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان، لە ناوچەیەکی دوورەدەستی پارێزگای سلێمانی دەست بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی مادەی هۆشبەردا گیرا. ستایشی ئەو هاوکارییە و وردیی زانیارییەکان دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ