رووداو دیجیتاڵ
لەنێو گرتووخانەکانی عێراقدا دەست بەسەر 653 مۆبایل و 330 سیم کارتدا دەگیرێت. وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، هاوئاهەنگییان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان هەیە و پشکنین بۆ گرتووخانەکان دەکرێت.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی داد چەند گرتووخانەیەکیان لە پارێزگاکانی عێراق پشکنی و چەند کەسێکیان دەستگیر کرد، کە لەکاتی سەردانیکردنی زیندانیاندا هەوڵیان دەدا مادەی هۆشبەر ببەنە نێو گرتووخانەکان. ئاماژە بەوەش دەکات، دەستیشیان بەسەر 653 مۆبایل و 330 سیم کارتدا گرتووە کە زیندانییەکان لەنێو گرتووخانەدا بەکاریانهێناون.
ئەحمەد لێعبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رۆژی چوارشەممە 25-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو مۆبایلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، لە یەک رۆژدا نەبووە، بەڵکو بە درێژایی ئەم ساڵ بووە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ماوە ماوە ئەو جۆرە پشکنینە دەکرێت.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق باس لەوەش دەکات، 9 کردەوەی هەراسانکردن و تەنگ پێهەڵچنین و سەرپێچییان لەلایەن کارمەندانی گرتووخانەکان تۆمار کردووە و دۆسیەکانیان رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە بۆئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر.
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، "لەنێو بەشەکانی چاکسازیدا هاوئاهەنگیمان لەگەڵ راوێژکاریەتی ئاسایشیی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و دەزگا ئەمنییە پەیوەندارەکان هەیە." ئاماژەی بەوەشکرد، "ناوەندێکی هەواڵگریی لە نێو بەشەکانی چاکسازی هەیە بۆ هاوئاهەنگی و رێکخستنی کاروبارەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ