رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە دابەشکردنی مووچە لە عێراق دواکەوتووە و دوو پەرلەمانتار هۆکارەکەی بۆ بەردەستنەبوونی پارەی کاش دەگێڕنەوە، بەڵام راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، "بەهیچ شێوەیەک کێشەی پارەی کاشمان نییە".
بەشێوەیەکی ئاسایی لە 18ـی هەموو مانگێک وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات، بەڵام رۆژی 25ـی مانگە و تاوەکو ئێستا مووچە دابەش نەکراوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق کێشەی بەردەستنەبوونی پارەی کاشی هەیە، بۆیە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دواکەوتووە".
هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دابەشنەکردنی مووچە تاوەکو رۆژی 25ـی مانگ ئاساییە، بەڵام ئەگەر لەدوای ئەو رێککەوتەوە دوابکەوێت تاوەکو کۆتایی مانگ بخایێنێت، ئەوا بە دواکەوتوو دادەنرێت."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی هۆکاری دواکەوتنی مووچەکەی بۆ بەردەستنەبوونی پارەی کاش، نەگەڕانەوەی تەواوی داهاتەکان بە رێک وپێکی و چەند هۆکارێکی دیکەی گەڕاندەوە.
بەڵام موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی پێنجشەممە 25ی ئەیلوولی 2025 رەتیکردەوە کێشە لە دابەشکردنی مووچەدا هەبێت و گوتی، "ئەوەی هەیە گرتنەبەری هەندێک کاری رۆتینییە".
راوێژکارەکەی سوودانی بە رووداوی گوت: "پارەی کاشی تەواو بە دینار و دۆلار بەردەستە، بەهیچ شێوەیەک کێشەی پارەی کاش نییە".
لە عێراق زیاتر لە 11 ملیۆن مووچەخۆر هەن، کە پێکدێن لە زیاتر لە چوار ملیۆن و 200 هەزار فەرمانبەر، زیاتر لە سێ ملیۆن خانەنشین و سێ ملیۆن مووچەخۆری چاودێریی کۆمەڵایەتی؛ ئەمە جگە لە کەسوکاری شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و چەند توێژێکی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ