رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، گەیشتوونەتە "رێککەوتنێکى مێژوویی" و نەوتى هەرێمى کوردستان رادەستى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ دەکرێت بۆ هەناردەکردنەوەى لە رێگەى تورکیاوە و دەڵێت:" 18 ساڵ بوو چاوەڕێى ئەو دەستکەوتە بووین."
پێنجشەممە، 25ى ئەیلوولى 2025، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس دەڵێت: "گەیشتینە رێککەوتنێکى مێژوویی کە بەگوێرەى رێککەوتنەکە وەزارەتى نەوتى فیدڕاڵ، نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان وەردەگرێت و لە رێگەى بۆریى عێراق – تورکیاوە هەناردە دەکرێت".
22ى ئەیلوول، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت رێککەوتنێکى سێ قۆڵییان واژۆ کرد بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان کە بەگوێرەى رێککەوتنى نێوانیان 230 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت .
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، ئەو هەنگاوە گەرەنتى دابەشکردنێکى دادوەرانەى سامان و فرەچەشنکردنى رێگەکانى هەناردەکردن دەکات و هانى وەبەرهێنان دەدات.
هەناردەکردنەوەى نەوت یەکێکە لە مەرجەکانى ناردنى مووچەى مانگانەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
سوودانى گوتى :"18 ساڵ بوو چاوەڕێى ئەو دەستکەوتە بووین."
ئەرکی هەناردەکردن لە ئەستۆی سۆمۆیە
وەزارەتى نەوتى عێراق بەگوێرەى رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان، کۆمپانیاى سۆمۆ ئەرکى هەناردەکردنى نەوتەکەى لە رێگەى تورکیاوە دەگرێتە ئەستۆ.
25ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ رادەستکردن و هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لەرێگەى کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، جگە لەو بەشەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای سۆمۆ ئەرکی هەناردەکردنی نەوتەکە لە ئەستۆ دەگرێت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان و ئەوەش بە رێکارە کارپێکراوەکان و دەستوور و دەقە یاساییەکانی نێو یاسای بودجەی گشتی و بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵییەوە دەبێت.
بەگوێرەی وەزارەتی نەوت، ئەو رێککەوتنانە بەرهەمی هەوڵی چڕ و دانوستاندنی بەردەوامى چەند مانگی رابردوو بووە لەبەرمەبنای تێڕوانینێکی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی رۆڵی عێراق وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لە بازاڕی وزەی جیهان.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەداوە کە رێککەوتنەکە میکانیزمی تەکنیکی و رێکخستنی روونی تێدایە کە هەناردەکردنی نەوت رێکدەخات و شەفافیەت بەدی دەهێنێت لە داهاتەکانی نەوت، بەشێوەیەک کە پاڵپشت بێت بۆ دارایی گشتیی وڵات و زیادبوونی پارەى بودجە، کە ئەوەش کاریگەرى ئەرێنی دەبێت لەسەر تواناى حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانەکان و دەستەبەرکردنی بنەماکانی سەقامگیریی ئابووری عێراق.
بەگوێرەى رێککەوتنى هەنارکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بڕى 16 دۆلار بۆ تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاریکراوە کە بردێتە کۆمپانیاکانى نەوت، بەڵام لەبرى پارە نەوتیان بە نرخى رۆژ پێ دەردێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ