رووداو دیجیتاڵ
230 قوتابخانە لە پارێزگای دیالە تەواو بوون و بڕیارە لە هەر قەزایەکی ئەو پارێزگایەش نەخۆشخانەیەک دروستبکرێت.
یاسر بەدر، گوتەبێژی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دروستکردنی 230 قوتابخانە لە پارێزگای دیالە تەواو بووە و هەموویان رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگاکە کراون".
یاسر بەدر گوتی، چەند پڕۆژەیەکی دیکەش لە جێبەجێکردندان، لەوانە دوو سەنتەری نەخۆشیی دڵ و شێرپەنجە لە شاری بەعقوبەی ناوەندی پارێزگاکە؛ نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی لە قەزای مەندەلی؛ نەخۆشخانەیەک لە ناحیەی سەعدیەی سەر بە قەزای خانەقین.
گوتەبێژی پارێزگای دیالە دەڵێت، پلانیان هەیە لە هەر قەزایەکی پارێزگاکە نەخۆشخانەی 50 قەرەوێڵەیی دروستبکەن و ئەوەش لە بودجەی ساڵانی داهاتوودا جێگەی دەکەنەوە؛ هەروەها پلانیان هەیە قوتابخانە لە هەموو ئەو ناوچانە دروستبکەن کە پێویستن.
یاسر بەدر ئاماژەی بەوە کرد، کارکردن لە چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی بەردەوامە، لەوانە قیرتاوکردن، دروستکردنی رێگەوبان کە زۆربەیان تەواوکردنیان گەیشتووەتە 95٪.
پارێزگای دیالە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی عێراق؛ ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 کەسە؛ 6 قەزا و 18 ناحیە لەخۆ دەگرێت. بەشێکی ناوچەی کوردستانییە، لەوانە قەزای خانەقین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ