رووداو دیجیتاڵ
45 بەربژێر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دوورخراونەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی بەعسی بوون بووە.
فەرحان ئەحمەد مەعماری، بەڕێوەبەری ئۆفیسی نەینەوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی چوارشەممە 25-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تائێستا 45 بەربژێر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دوورخراونەتەوە. هۆکاری دوورخستنەوەیان بۆ رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری (بەعسی بوون) و ئەنجامدانی تاوان دەگەڕێتەوە".
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئۆفیسی نەینەوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، "یەکێک لە بەربژێرەکان لەسەر ساختەکردنی بڕوانامە دوورخراوەتەوە؛ تائێستاش 32 بەربژێر چوونەتە شوێنی دوورخراوەکان".
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکهاتووە؛ 26 کورسی لەگەڵ 3 کورسیی کۆتا و 629 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر کورسییەکانی ئەو ئەنجوومەنە دەکەن.
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رۆژی 18-12-2023 بەڕێوەبچێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە 52 بەربژێر بە ژمارە 197 و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 52 بەربژێر و پارتی سۆسالیست دیموکراتی کوردستان بە 4 بەربژێر بەشدارن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا بە هاوپەیمانیی یەکێتیی خەڵکی نەینەوا ژمارە 134 بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکات. دڵدار عەبدوڵڵا زێباری، سەرۆکی لیستەکەیە، ئەویش دووخرابووەوە، بەڵام دواتر بڕیاری دوورخستنەوەی هەڵوەشایەوە.
عەلی قەڵایی، لێپرسراوی سەنتەری هەڵبژاردنی (کەرکووک- حەمرین)ی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رۆژی دووشەممە، 23-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دڵدار زێباری تانەی لە بڕیارەکە دا و بڕیاری دوورخستنەوەکەی هەڵوەشێندرایەوە و دەتوانێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات".
ئاراس محەممەد ئاغا، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە نەینەوا رۆژی دووشەممە، 23-10-2023، بە رووداوی گوت: "دڵدار زێباری، بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی هەیە کە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەریی نایگرێتەوە، بۆیە ئێستا سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی یەکێتیی نەینەوایە و لە کارەکانی بەردەوامە".
دڵدار زێباری لە سەردەمی رژێمی بەعس تاوەکو ساڵی 2003 لە موسڵ بوو، ماوەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بوو، بەڵام دواتر دوورخرایەوە.
دڵدار زێباری، سەرۆکی گردبوونەوەی بنیادنان و داد بوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لە 27-12-2015 بە پاساوی ئەوەی زیاتر لە سێ مانگ ئامادەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە نەبووە، لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دوورخرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ