ناوەندی میدیای دیجیتاڵیی عێراق هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی ساختە دەدات

25-10-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی میدیای دیجیتاڵی DMC، هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی ساختە لە رێگەی تەکنیکەکانی ژیریی دەستکردەوە لە عێراق دەدات. ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێویستە متمانەی زیاد لە پێویست بە ئامرازەکانی ئاشکراکردنی ساختەکاریی قووڵ نەکرێت، چونکە ئەم ئامرازانە هێشتا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە کە رەنگە کاریگەرییان لە ژینگە دیجیتاڵییە خێرا گەشەسەندووەکان کەم بکاتەوە."
 
ناوەندەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، "توێژینەوە و تاقیکردنەوەی کرداریی باوەڕپێکراو ئاماژەیان بەوە داوە کە دەکرێت ئەم ئامرازانە لە رێگەی ئەوەی پێی دەگوترێت 'هێرشی دووژمنکارانە' هەڵبخەڵەتێنرێن، کە تەکنیکێکن پشت بە گۆڕانکاریی ورد دەبەستن کە بە چاوی مرۆڤ هەستیان پێناکرێت، بەڵام بەسن بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامی پشکنینەکان، وەکو چۆن توێژەرانی زانکۆ ناودارەکان توانیویانە لە هەندێک حاڵەتدا رێژەی هەڵخەڵەتاندنی سەرووی 99% بەدەستبهێنن."
 
ئەو ناوەندە سوپاسی هەوڵەکانی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دەکات؛ "لە کۆنترۆڵکردنی فەزای دیجیتاڵیی، بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی هەژماری وەهمی و ناوەڕۆکی چەواشەکارانەدا."
 
ناوەندی میدیای دیجیتاڵی دەڵێت، "بابەتەکە تەنیا لایەنی تەکنیکی نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە رەوشێکی گرنگی ناوخۆییەوە هەیە، چونکە لە عێراقدا بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر ناوەڕۆکی ساختە لە پلاتفۆرمەکاندا بەدیکراوە، کە ئامانجیان کاریگەری کردنە لەسەر رای گشتی و شێواندنی راستییەکان."، ئاماژەی بەوەش دا، "چاودێریی گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی ساختە کراوە، کە بە مەبەستی چەواشەکاری و کاریگەری دروست کردن لەسەر رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق بڵاوکراونەتەوە."
 
روونیشی کردووەتەوە، "ئەم هەڕەشەیە بەشێکە لە پێشبڕکێیەکی تەکنیکیی بەردەوام لەنێوان ئەوانەی ناوەڕۆکی ساختە بەرهەمدەهێنن و ئەوانەی هەوڵی ئاشکراکردنی دەدەن. هەرکاتێک ئامرازەکانی ئاشکراکردن تەکنیکی نوێ بۆ دۆزینەوەی دەستکاری پەرەپێدەدەن، پەرەپێدەرانی سیستمی ساختەکاری کار لەسەر باشترکردنی مۆدێلەکانیان دەکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەکنیکانە، لە شێوەی پێشبڕکێیەکی دیجیتاڵیی بێوچان."
 
بەگوێرەی ناوەندەکە، "یەکێک لە دیارترین ئەو هۆکارانەی کە کاریگەریی ئامرازەکانی ئاشکراکردن سنووردار دەکات، کەمیی داتای راهێنانە، چونکە ئەم ئامرازانە زۆرجار لەسەر داتای یەکجۆر راهێنراون، ئەمەش تووشی دابەزینی ئاستیان دەکات کاتێک رووبەڕووی حاڵەتێک دەبنەوە کە راهێنانیان لەسەری نەکردووە. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە وردیی زۆرێک لە ئامرازەکانی ئاشکراکردن لە سیناریۆی راستەقینەدا لە 69% تێپەڕ ناکات."
 
ناوەندی میدیای دیجیتاڵی رایگەیاندووە، "هەندێک لە شێوازەکانی هەڵخەڵەتاندن پێویستیان بە تەکنیکی ئاڵۆز نییە، بەڵکو تەنیا دەستکاریی سادەی وەکو زیادکردنی ژاوەژاو یان تۆمارکردنەوەی دەنگێکی ساختە لە رێگەی بڵندگۆیەک و تۆمارکردنەوەی بە مایکرۆفۆنێک، یان سڕینەوەی مێتاداتاکان لە فایلەکان، کە فێڵی سادەن بەڵام کاریگەرن لە شێواندنی ئامرازەکانی شیکاریی دەنگی یان بینراو."
 
هەروەها دەشڵێت، "رووبەڕووبوونەوەی ساختەکاریی قووڵ ناتوانرێت تەنیا پشت بە تەکنەلۆژیا ببەسترێت، بەڵکو پێویستی بە بەهێزکردنی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، پەروەردەی میدیایی و پشتڕاستکردنەوەی وردی سەرچاوەکانیشە، بۆ ئەوەی خەڵکی نەبنە قوربانی ئەم جۆرە مەترسیدارەی چەواشەکاری."
 
لەوبارەیەوە، ساهیرە سدیق، بەرپرسی تەکنیکیی رووداو دیجیتاڵ گوتی، "لە سەردەمی ئێستا دیپفەیک (Deepfake)، کە بە واتای ساختەکاریی قووڵ دێت، باوترین مەترسییە لەسەر هەڵبژاردنەکان، ئەوەش بە ژیریی دەستکرد دروست دەکرێت و مەترسییەکی گەورەیە، بەهۆی ئەوەی رێگەی جیاکردنەوەی لە دەنگ و ڤیدیۆ و وێنەی راستەقینە بۆ خەڵکی ئاسایی زۆر زەحمەتە و هەموو کەسێک ناتوانێت بە ئاسانی بزانێت کە راست نییە."
 
گوتیشی، "لە دیپفەیکدا نازانرێت کێ بەرپرسە لە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ساختەکارییەکان و دۆزینەوەی سەرچاوەیان ئاسان نییە."
 
بەرپرسی تەکنیکیی رووداو دیجیتاڵ پێی وایە، دروستکردنی چیرۆکی ناڕاست "دەتوانێت بۆچوونەکان لەبارەی بەربژێر و پارتەکانەوە بگۆڕێت و زانیاری هەڵە دەتوانێت دەنگدەران گومڕا بکات سەبارەت بە چۆنیەتی یان کاتی دەنگدان."
 
ساهیرە سدیق، نموونەی بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هێنایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە دوایین هەڵبژاردنی ئەمریکادا، "چەندین بەرهەمی دروستکراوی ساختە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە بۆ لێدان و شێواندنی بەربژێر و لیستەکان بەکارهێنران، جگە لەوەش زۆرجار تەنیا بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و ساختە بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەوەی بە ئەنقەست خەڵک بەلاڕێدا ببەن."
 
ناوەندی میدیای دیجیتاڵی ڕێکخراوێکە لە عێراق کە چاودێری و شیکردنەوەی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی دەکات، بەتایبەتی لە بواری هەواڵ و زانیارییەکاندا. گرنگییەکی زۆری بە رووبەڕووبوونەوەی ساختەکاری (Deepfake) و زانیاری هەڵە (Misinformation) دەدات.
 
لەم دواییانەدا، DMC هۆشداری داوە لە بڵاوبوونەوەی زانیاری ساختە و فەوزا لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێش هەڵبژاردنەکان. ناوەندەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، تەکنیکی ژیریی دەستکرد (AI) دەتوانرێت بۆ دروستکردنی ناوەڕۆکی ساختە بەکاربهێنرێت، وەک ڤیدیۆ و وێنەی ساختە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر رای گشتی و رەوتی سیاسی دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە