رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بووە هۆکاری پێکدادان لە نێوان چەکدارانى سەر بە دوو لیواى حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان؛ دادگای تاوانەکانی بەغدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی بەغدا دەرکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا هەواڵی سزای لەسێدارەدانەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "تاوانبارەکە لەگەڵ گرووپێکی چەکداردا هەڵیکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی بەغدا و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بڕیاری لەسەرکارلادانی دەرچوو و کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دانرا؛ کە بەهۆیەوە کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییەک شەهید بوون و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون."
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەداوە، سزاکە بەپێی بڕگەکانی مادەی چوارەم/ 1 و بە پشتبەستن بە ماددەی دووەم/ 1/ 3 / 5ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 13ـی ساڵی 2005 دەرکراوە.
رۆژی 27ی 7ی ئەم ساڵ، لە فەرمانگەیەکی کشتوکاڵ لە کەرخی بەغدا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانى سەر بە دوو لیواى حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان روویدا هاووڵاتییەک و کارمەندێکى پۆلیسی فیدراڵى دواى برینداربوونى گیانى لەدەستدا ، چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
ئەو پێکدادانە هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە فەرمانگەکە، گرووپە چەکدارەکە لەکاتی کۆبوونەوەیەکی کارگێڕیدا هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەکە، دواتر هێزە ئەمنییەکان رووبەڕوویان بوونەوە.
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق، یەکشەممە 27ى تەمووزى 2025، لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیامد، بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵى بەغدا لە ساڵى 2016وە لە رووى کارگێڕى و داراییەوە خراوەتەسەر ئەمیندارێتیى بەغدا.
ئەو وەزارەتە ئاماژەى بەوەداوە، ئەو روونکردنەوەیە لە چوارچێوەى ئەو رووداوانە بووە، کە پەیوەندیدارن بە گۆڕینى بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرخ لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاى بەغداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ