رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاریدا جگەرەکێشان لە هەموو فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانی سنووری پارێزگاکە قەدەخە بکرێ و رایگەیاند، هەرکەسێک سەرپێچی بکات، سزا دەدرێ.
جەمال شەشۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمرۆ سێشەممە، 25-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە و دەنگی لەسەر قەدەخەکردنی جگەرەکێشان لە تەواوی فەرمانگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە پارێزگاکە دا."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکدەهێنرێ بۆ ئەوەی جۆری سزاکان بۆ سەرپێچیکاران دیاری بکات. جەمال شەشۆ گوتیشی: "سزا هەموو کەسێک دەگرێتەوە، چ فەرمانبەر بێ یان ئەو هاووڵاتییانەی وەک سەردانیکەر روو لە فەرمانگەکان دەکەن."
سەرەڕای بوونی رێنمایی تەندروستی بۆ قەدەخەکردنی جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکان، بەڵام پابەندبوون پێیانەوە کەمە. بڕیارە نوێیەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لەو دیاردەیە لە رێگەی دانانی سزاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ