پارێزگای نەینەوا: 40٪ـی کارەباکەمان بە نایاسایی بە فیڕۆ دەچێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، نزیکەی 40%ـی کارەبای پارێزگاکە "ون دەبێت" و بەشێکی زۆری خەڵک و شوێنە گشتییەکان بە نایاسایی کارەبایان راکێشاوە؛ دەشڵێت: "دەستوەردانی سیاسی رێگرە لە لادانی سەرپێچییەکان."
 
ئەحمەد عەبد رەبە، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی پێنجشەممە، 25-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئیدارەی پارێزگاکە لە بەرامبەر دۆسیەی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبا دەستەوەستانە، چونکە لەکاتی گرتنەبەری هەر رێکارێکدا پرسەکە بە سیاسی دەکرێت؛ هەندێک لایەن بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی خەڵک، رێگری لە بڕینی سەرپێچییەکان دەکەن."
 
سەبارەت بە بڕی کارەبای بەردەست لە موسڵ و دەوروبەری، عەبد رەبە ئاماژەی بەوە کرد، پشکی کارەبای نەینەوا 1300 مێگاواتە و لەو بڕەش نزیکەی 300 بۆ 400 مێگاواتی لە هەرێمی کوردستانەوە دەکڕدرێت.
 
سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ستایشی پڕۆژەی "رووناکی" (کارەبای 24 کاژێریی) لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست پڕۆژەیەکی هاوشێوە لە نەینەواش جێبەجێ بکرێت.
 
ئەحمەد عەبد رەبە جەختی لەوە کردەوە کە جیاوازیی سەرەکی لە کولتووری پێدانی پارەی کارەبادایە و گوتی: "لە هەرێمی کوردستان خەڵک بە شێوەیەکی رێکوپێک پارەی کارەبا دەدەن، بەڵام لە نەینەوا و بە گشتی لە عێراق، پابەندبوون بە پێدانی پارەی کارەبا کەمە."
 
کێشەی کارەبا تەنیا لە نەینەوا نییە، لە 23ـی ئەم مانگەوە، ئێران هەناردەکردنی گازەکەی بۆ عێراق راگرتووە، کە بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێانی کارەبا بەکاردەبرێت.
 
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گازی هەناردەکراوی ئێران بە تەواوی راگیراوە، بەوهۆیەوە تۆڕی کارەبای نیشتمانی بڕی 4,000 بۆ 4,500 مێگاوات کارەبای لەدەستداوە."
 
بە گوتەی ئەحمەد مووسا، تاران بەغدای ئاگادارکردووەتەوە کە بەهۆی "بارودۆخێکی لەناکاو"ـەوە هەناردەکردنی گازیان راگرتووە. گوتیشی: "ئێمە نازانین بەتەواوی هۆکارەکە چییە."
 
پێشتر ئێران 5%ـی گازی هەناردەی عێراق دەکرد. بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق گەیشتبووە 22 هەزار مێگاوات. ئێستا بەرهەمهێنان بۆ 17 هەزار مێگاوات دابەزیوە.
 
وەزارەتی کارەبا ئێستا بە هاوئەهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت، سووتەمەنیی جێگرەوەی ناوخۆیی بۆ وێستگەکان دابین دەکات، بەڵام ئەحمەد مووسا دەڵێت: "ناتوانین بۆ هەمیشە پشت بەمە ببەستین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کاردیناڵ لۆیس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان

لەسەر وشەی "ئاساییکردنەوە" سوودانی وەڵامی لویس ساکۆ دەداتەوە

کاردیناڵ لۆیس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان داوا دەکات "ئاساییکردنەوە" لە عێراق بکرێت، و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران وەڵامی دەداتەوە بەوەی ئەو وشەیە لە فەرهەنگی عێراقیدا نییە و تایبەتە بە زایۆنیزم.