رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد جبوورى لە بەربژێرى پۆستى پارێزگارى سەلاحەدین کشایەوە، لەدواى ئەوەى سەرۆککۆمارى عێراق مەرسوومى دەستبەکاربوونی بۆ دەرنەکرد.
ئەحمەد جبوورى، بەربژێرى پارتى جەماوەرى نیشتیمانى، 25ـی شوباتى 2024 لە راگەیێندراوێکدا کشانەوەى لە بەربژێربوونی بۆ پۆستى پارێزگارى سەلاحەدین راگەیاند و، بەبێ ئەوەى پەنا بۆ دادگەى کارگێڕى ببات، بەربژێرێکى دیکە لە پارتەکەى بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکات.
لە 15ـی شوباتی 2024، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق نووسراوێکی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین نارد و ئاماژەى بەوە کرد، ئەحمەد جبووری، کە لەلایەن ئەو ئەنجوومەنەوە وەک پارێزگار هەڵبژێردرا، کۆت و بەندی تاوانی لەسەرە، بۆیە مەرسوومى کۆمارى بۆ دەستبەکاربوونى دەرنەکردووە.
ئەحمەد جبوورى بە "ئەبو مازن" ناسراوە، هیواى خواستووە ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین پەلە بکات لە پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی.
رۆژی 4ـی شوباتی 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەحمەد جبووری وەک تاکە بەربژێر بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژارد.
لە هەڵبژاردنى 18ـی کانوونى یەکەمى 2023ـى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، لیستى پارتى جەماوەریى نیشتمانی، لە کۆى 15 کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، چوار کورسیی بەدەستهێنا.
ئەحمەد جبووری، ئاماژەى بەوە داوە کاتێک بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە لە رێگەى زۆرینەوە متمانەیەکى "گەورە"ـی بەدەستهێناوە.
رۆژی 18ـی شوباتى 2024، عادل سمێدعى، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین نووسراوێکى ئاراستەى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق کردووە و تێبینیی خۆى لەبارەى پەسندنەکردنى ئەحمەد جبوورى وەک پارێزگاری سەلاحەدین پێگەیاند.
یاسین داودى، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لەدواى کشانەوەى ئەحمەد جبوورى بەربژێرێکى دیاریکراو نییە بۆ پۆستى پارێزگار و لە چەند رۆژى داهاتوودا دانوستاندنەکان بۆ ئەو مەبەستە دەستپێدەکەنەوە.
یاسین داودى ئاماژەى بەوەش دا؛ لەگەڵ ئەحمەد جبوورى رێککەوتنێکیان کردووە بۆ ئەوەى وەک کورد چەند پۆستێکیان بدرێتێ و چەند داواکارییەکیان بۆ جێبەجێ بکرێت، هەمان رێککەوتن بە بیر بەربژێرە نوێیەکەى پۆستى پارێزگار دەهێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ