گوتەبێژی دەروازە سنوورییەکان: کاردەکەن بۆ کردنەوە دەروازەى وەلید لەگەڵ سووریا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق رایگەیاند: بەردەوامن لە ئامادەکردنەوەى دەروازەى سنووریى وەلید لەگەڵ سووریا، کە پێکهاتووە لە دروستکردنى کەرەڤانە و قیرتاوکردن. بە گوتەى سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاکەش، گرێبەستى کارەکە دراوە بە بەڵێندەرێک، بەڵام وادەى کردنەوەى دیار نییە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: دەستەکەمان بەردەوامە لە ئامادەکردنەوەى دەروازەى سنووریى وەلید لەگەڵ سووریا، کە دروستکردنى کەرەڤانە و هۆڵ و قیرتاوکردنى رێگەى ناو دەروازەکە و سیستمى رووناکى و وێستگەى کارەبا دەگرێتەوە.
 
ئەو دەروازەیە کە 300 دۆنمە، لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی شەڕی داعش داخرا، کە یەکێک بوو لە دوو دەروازە سەرەکییەکەی نێوان پارێزگای ئەنبار و سووریا.
 
عەلائەدین قەیسی رایگەیاند، ئەو دەروازەیە یەکێکە لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ سووریا و کردنەوەى هەنگاوێکى باش دەبێت بۆ بەهێزکردنى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و داهات بۆ عێراق.
 
عێراق سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ سووریا هەیە، کە دووانیان داخراون، کە ئەوانیش رەبیعە و وەلیدن، ئێستا هاتووچۆ لەنێوان هەردوو وڵات لە دەروازەی قائیم دەکرێت.
 
سەعد غازی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند: گرێبەستى ئامادەکردنەوەى دەروازەى سنووریى وەلید لە رێگەى پارێزگاوە دراوە بە کۆمپانیایەک کە کارى تێدا دەکات.
 
بەگوێرەی گرێبەستەکە 52 ژووری کەرەڤانەیی بۆ دروست دەکرێت بۆ فەرمانگە تایبەتەکانی ئەو دەروازەیە.
 
سەعد غازی گوتی: "بەهۆی کەمیى بودجەوە کارەکانى ئامادەکردنى ئەو دەروازەیە بە خاوى ئەنجام دەدرێت، بۆیە وادەى کردنەوەى دیار نییە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە